دەنگی کورد دێ

تەنیا کوردی

کورد ناکەوێ، ئەوانەی وا تێگەیشتن ئیتر ھەرێم کەوت… شتێ نامێنێ بەناوی قەوارە…
شتێ نامێنێ بەناوی دەسەڵاتی کوردی…
ئەمانە ناحەقیان نەبوو، چونکە رووداوەکانیان وەھا دەبینی کە ئیتر قۆناغی رەشکردنەوەی چیرۆکی سەرکەوتنی کوردە…
پێشوەختە باوەڕیان کرد کە ئیتر رووداوەکان لە رۆژھەڵاتی ناوین گەورە نابن، بەڵام کە ئێستا دەنگی درۆن و مووشەک لە ئاسمانی رۆژھەڵاتی ناوین دەنگێکی نزمترە لە ژێر دەنگی فڕۆکە جەنگییەکانی دژ بەبەرەی مقاوەمە، ھەڕەشەی جیدیی لەسەر جیناتی بەرەی مقاوەمە لە لوبنان و یەمەن و عێراق و سووریا ھەیە، ئەمانە تێدەگەن کە داھاتووی ناوچەکە ھی ئەمان نییە…..
ئەمانەی رۆژێ ھێزی ناوچەکە بوون ئێستا تێدەگەن کە داھاتوویان نییە….
کوا سووریای جاران؟
کوا عێراقی جاران؟
سووریا کرایە چەندین پارچە و ھێشتا لە ئاسمان و زەویدا شەڕ ھەیە و داھاتووی سووریا نادیارە و مەتبەخی دروستکردنی فەوزایە….
عێراق لە واقعدا کراوە بە سێ پارچە، ھەرچەند بەناو فیدڕاڵیەت لێکدراوە بەڵام داھاتووی نادیارە و مەتبەخی دەسکاریکردنە لە داھاتوو، چونکە نە عێراق سیادەی ھەیە نە سووریا….
رووداوەکان تەنیا لە عێراق و سووریا ناوەستن… ھەرچواردەوری ئێران جەنگە، لە پاکستان و ئەفگانستان، تا ئەرمنیاو ئازەربایجان، تا عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن….
ئێران دەوڵەتێکە لەناو قوڵایی ئاگردایە، ھەرچەند بەرەی مقاوەمەی ھەیە، بەڵام لە جەنگی نێوان ئێسرائیل و غەززە نزای ئەوە دەکات کە باروتی جەنگ بەرەو باشووری لوبنان ھەنگاو نەنێ، چونکە جیناتی بەرەی مقاوەمەی ئێران، حزبوللای لوبنانە.
وەک چۆن عێراق و سووریا کەوتن و سیادەیان نەما، وەھایش ئێران ترسی ھەیە کە ئیتر نۆرەی دێ…
ئەمە ئێران نییە کە ئاگری شەڕ خۆش دەکا، ئەمە ناوچەکەیە شوێنی ئەم شێوازە حوکمڕانیەی ئێرانی لێنابێتەوە و بەرەو جەنگێک پاڵی دەنێ و ئێران دەیەوێ بە بەرەی مقاوەمە نیشانی بدات کە ئیتر ئێران دەمێنێ…
ئەمریکاو بەریتانیا قیادەی میحورەکان دەکەن، بەریتانیا بۆ شوێنکردنەوەی پشکی ئابووری خۆی لە میراتی رۆژھەڵاتی ناوین دەیەوێ لە داھاتوو بگاتە سەر نەخشەی وزە، ھەرچۆنێ کۆمپانیاکانی لەبواری وزە لە عێراق و ناوچەکە کاران، وەھا پەلەیەتی کە رژێمی ئێران بکەوێ، وەک چۆن رژێمی عێراق کەوت بەریتانیا لە وزەدا سوودمەندی عێراق بوو لە بەسڕە، وەھایش دەیەوێ لە کەوتنی ئێراندا سوودمەنی وزە بێ لە ئێران…
ئەمریکاو بەریتانیا نایانەوێ، شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بەبێ ئەنجام بوەستێ، دەیانەوێ یان دوو دەوڵەت لە فۆڕمی نوێدا بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین ھەبێ، یانیش گەورەبوونی جەنگەکە بەرەو وڵاتانی ناوچەکە…
ئێران کە لەناوچەکەدا رەگی سەربازی ھەیە دەیەوێ کات بکوژێ، دەیەوێ ھەرچۆنێ بێت لە دەرەوەی خۆیدا بەرەی مقاوەمە ھێزی مانەوەی ئێران نیشان بدات….
بەڵام….
دەنگی دڕۆن و مووشەک تا ئەم قۆناغە لە ئاسمانی رۆژھەڵاتی ناوین وەک گوولە دێ، بەڵام ئەنجامی بۆ بەرەی مقاوەمە نابێ، ئاسمانی عێراق و سووریا پڕ لە دڕۆن و بەزاندنی مووشەکە….بەڵام ترسی بەرەی مقاومە ھەیە لە کەوتنی ژێرخانی سەربازیان بە گورزی گەورەتر لەلایەن ئەمریکاوە….
باشووری لوبنان و یەمەن و غەززە ھەمان شت…سەروەری ئاسمان لە ھیچێک لەم وڵاتانە نەماوە، لە جوگرافیای ئەم وڵاتانەش بەھۆی خراپی حوکمڕانی و دەستوەردانی ئێران و وڵاتانی ئیقلیمی سەقامگیری تەنیا لەسەر کاغەزە، لەسەر جوگرافیا شتێ نییە بەناوی داھاتوو.
سنوری نێوان ئەفگانستان و ئێران و پاکستان و ئێران ھەمان شت….
لێکەوتەی شەڕی ئۆکڕاین و ئاڵۆزی نێوان ئەرمیناو ئازەرباینجانیش لەو دیوی ئێرانەوە دۆخی ناوچەکەی خستووەتە ژێر پلەی سفر بۆ داھاتووی ناوچەکە گشتی بۆمبی تەوقیت کراوان کە لە دوای ئێران ئەم بابەتانە یەخەی تورکیاش دەگرێ….
کێشە سەرەکییەکە، سێ مەلەفی ھەستیارە لە رۆژھەڵاتی ناوین، مەلەفی فەڵەستین و ئیسرائیل، مەلەفی کورد و پێکھاتەکان، مەلەفی ئەرمینا ئەمانە سێ مەلەفن کە بەبێ چارەسەرکردنی ئەم سێ فایلە ھەمیشە دەبێ گومان لە سەقامگیری رۆژھەڵاتی ناوین بکرێ…
لەناو قوڵایی رۆژھەڵاتی ناوین، کە ئێستا شانۆی رووداوەکان لەنێوان ئێران و ئیسرائیل بینەری زۆرە، لە داھاتوو بۆ باکووری رۆژھەڵاتی ئاسیا ھەنگاو دەنێ، قەزیەی چین لەگەڵ تایوان، ھەروەک قەزیەی ئۆکراین کە ھێشتا ئامانجی کۆتایی لەم جەنگە تەواو نەکراوە.
ڕۆڵی پاکستان بۆ میحوەری سوونە، کە ئێستا گرژی لە نێوان پاکستان و ئێران ھەیە تەنیا بۆ پاڵپشتی مەعنەوی وڵاتانی خەلیجە کە ئیتر وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆم لەگەڵتان لەسەر ھێڵە لە دژی ئێران، چونکە نە سعودیە نە میسڕ و تورکیا نەیتوانی قیادەکردنی میحوەری سوونە بکەن لە دژی میحوەرەی مقاوەمە.
کورد لەم نێوەندە وەک میحوەری ئاشتی لە تێکشکاندنی تیرۆر، ھێزی داھاتووە لەناو فۆرمی نوێی ناوچەکە…
کورد لە مانگی ٩ی ساڵی ٢٠٢٥ دەتوانێ جارێکی تر فایلی وزەی خۆی وەرگرێتەوە، ئەمەش بەھۆی نەمانی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی لقی پاریس لەم تەوقیتدا، کە کورد دەتوانێ خۆی کاراکاتەوە بۆ کۆنفیدڕاڵیەتی وزە لە ناوچەکە..لەگەڵ ھەر پێشھاتێکی نوێیشدا لەناوچەکە کورد ھەمیشە ھێزێکی کاریگەرە و بێدەنگ نابێ لەم ستەمەی لێی کراوە…
ئەوانەی وا تێگەشتن کە ئیتر کورد لە ناوچەکەدا دەکەوێ، لە بەرەبەیانێکدا چیرۆکی کەوتنی زۆر ھاوکێشە دەبیستن کە چاوەڕواننەکراوبوو بۆیان.
ناوچەکە بە ئاشتی بێ یان جەنگ، چیرۆکی سەرکەوتنی کورد ناوەستێ.

دڵخوازەكانتان