مەسرور بارزانی و سوودانی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوەشاندەوە

ئەمڕۆ لە شاری داڤۆسی سویسرا، هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی و مەسرور بارزانی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراویان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوەشاندەوە.

هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکان لە بەرامبەر هێرشەکانی شەوی دووشەممەی ئەم هەفتەیەی سەر هەولێرە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، “رۆژی سێشەممە 16-01-2024 سکاڵامان پێشکێش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، ئەوەش بەهۆی هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر کە بەهۆیەوە خەڵکی سڤیلی بێتاوان بوونە قوربانی و برینداربوون و زیانیش بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت کەوت”.  

رۆژی سێشەممە 16-01-2024 خالید یەعقوبی، راوێژکاری ئەمنیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، “بۆردوومانکردنی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە بە تووندی رەتدەکەینەوە. ئەم هێرشە پێشێلکارییە بۆسەر سەروەریی عێراق و پێشێلکاریی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشیشە”.

بەگوێرەی ئەو راوێژکارەی سوودانی، ئەو هێرشە مووشەکییە دەبێتە هۆی گۆڕانی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران لە زۆر بواردا.

کاژێر 23:30ی رۆژی دووشەممە 15-01-2024 سوپای پاسداران بە چەندین مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و لە ئەنجامدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون.

دڵخوازەكانتان