لە رێگەی کەلار – دەربەندیخان چوار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنێوان قەزاکانی کەلار و دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی، چوار کەس گیانیان لەدەستدا. قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی دەربەندیخانن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-01-2024، موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ڕایگەیاند، “رووداوەکە نزیک کاژێر 08:00ـی بەیانی لەنێوان پیکابێکی تۆیۆتا هایلۆکس و بارهەڵگرێک روویداوە”.
لەبارەی رووداوەکەوە سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان گوتی، “ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە هەموویان هاونیشتمانی دەربەندیخانن”.
رووداوەکە نزیک گوندی ئاوەخێری روویداوە. موقەدەم سامان گوتی، “بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هۆکاری رووداوەکە تێپەڕینی هەڵە بووە لەلایەن پیکابەکەوە”.
رێگەی نێوان دەربەندیخان – کەلار، هەمان رێگەی بەستنەوەی کەلار و سنووری ئیدارەی گەرمیانە بە شاری سلێمانییەوە. رێگەکە یەک سایدە و چەند ساڵێکە کار بۆ بە دووسایدکردنی دەکرێت و تەواو نەکراوە.
بەگوێرەی ئاماری هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 3 هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویاندا و لە ئەنجامیاندا 445 کەس گیانیان لەدەستدا و 7 هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.