‌ مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ره‌و داڤۆس به‌ڕێكه‌وت

سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌مه‌به‌ستی‌ به‌شداریكردن له‌ كۆڕبه‌ندی‌ ئابووری‌ جیهان، به‌ره‌و داڤۆس به‌ڕێكه‌وت.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 1/15، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێك بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی له‌ داڤۆس، به‌ره‌و سویسرا به‌ڕێكه‌وت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ “سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ په‌راوێزی به‌شداریكردنی له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانیی داڤۆس، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رپرسانی باڵای وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپا و جیهان كۆده‌بێته‌وه‌ و له‌ دیداره‌كانیدا، چه‌ندین ته‌وه‌ر و پرسی ناوخۆیی و هه‌رێمی و جیهانی تاوتوێ ده‌كات،له‌وانه‌ش په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی ئابووری و وه‌به‌رهێناندا.هه‌روه‌ها بڕیاره‌ له‌ پانێلێكیش به‌شدار بێت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ململانێ و ناكۆكییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست”.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ “به‌شداری سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ كۆڕبه‌ندی داڤۆس، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانیدایه‌ بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان و تاوتوێكردنی ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئاینده‌ی عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی هه‌یه‌”.

 شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی حكومی و وه‌به‌رهێنه‌ر و خاوه‌نكارانی كوردستان پێكهاتووه‌ كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ به‌شداری له‌ داڤۆس ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها به‌ ده‌ستپێشخه‌ری و ڕاسپارده‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ، ماڵی كوردستان له‌ داڤۆس ده‌كرێته‌وه‌.

كۆڕبه‌نده‌كه‌ ئه‌مساڵ له‌ ژێر ناونیشانی ( بنیاتنانه‌وه‌ی متمانه‌ ) ده‌به‌سترێت و چه‌ندین ته‌وه‌ری تایبه‌ت به‌ وزه‌ و سیسته‌می بانكی و ژیری ده‌ستكرد و چه‌ند پرسێكی سیاسی هه‌نووكه‌یی، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێ

دڵخوازەكانتان