بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 هەزار نەمام و گوڵی روواندووە

بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 هەزار نەمام و گوڵی روواندووە و بەڕێوەبەرەکەشی دەڵێت، 95%ـی ئەو نەمام و گوڵانە بەرهەمی خۆیان بووە.

لەو رێژەیە نزیکەی 60 هەزاریان نەمامی دار بوون و ئەوانی دیکەش گوڵەباخ بوون و لە باخچە و بلوار و پارکەکاندا رووێندراون.

بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی راگەیاند، ئەوان بەرهەمهێنانی خۆیان هەیە بۆ نەمام و گوڵەباخ و ئەوەی ساڵی 2023 کردوویانە زۆرینەی هی خۆیان بووە و ئەوەی دیکە کەمینەیەک بووە لە سزای سەرپێچی لە هاوڵاتیانیان وەرگرتووە.

دەشڵێت، بەر لە سەوزکردن و روواندن بیریان لە پاراستن و خزمەتکردنی کردووەتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی سەوزکردن نانێن هەتا دڵنیایی لە پاراستن و ئاودانی وەرنەگرن.

لەناو شاری سلێمانی زیاتر لە 500 باخچە، پارک و بلوار بوونیان هەیە.

“زەیتوون، ژاڵە و سنەوبەریات زۆرترین ئەو نەمامانەبوون کە چاندوومانن چونکە هەم بەرگەی بێئاوی دەگرن، هەم بەرگەی رەشەبای سلێمانیش دەگرن”، ئەوەش قسەی بەهرۆز سالارە.

دڵخوازەكانتان