نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ بۆ مانگی 12 دیاریكرا

ه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی رایگه‌یاند، بۆ مانگی (كانونی یه‌كه‌م/12)ی 2023 بڕی 13 هه‌زار و 500 دینار بۆ 14 هه‌زار و 500 دینار له‌به‌رامبه‌ر كاره‌بای مۆلیده‌ له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت، ئه‌و شوێنانه‌شی كه‌ كاركردنی مۆلیده‌كان 24 كاتژمێرین، نزیكه‌ی 22 هه‌زار و 250 دینار بۆ هه‌ر ئه‌مپێرێك وه‌رده‌گیرێت.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی كاره‌بای سلێمانی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان كۆبوه‌وه‌ و به‌پێی نرخی سوته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاتژمێرێك بۆ یه‌ك ئه‌مپێر 44 دیناره‌،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێڕ كاره‌بای مۆلیده‌ی ئه‌هلی گه‌ڕه‌كه‌كان له‌ ناوشاری سلێمانی له‌نێوان (13.500) بۆ (14.500) دیناره‌، به‌هۆی جیاوازی كاركردنیان نرخی ئه‌مپێرێك له‌ گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئه‌و شوێنانه‌ی به‌رنامه‌ی كاركردنی مۆلیده‌كانیان له‌ 7:00ی به‌یانی بۆ 1:00ی شه‌وه‌، نرخی ئه‌مپێریان (17.000 بۆ 18.000) دیناره‌، ئه‌و مۆلیدانه‌ش كه‌ كاركردنیان 24 كاتژمێرییه‌ نرخی ئه‌مپێریان (21.000 بۆ 22.250) دینار ده‌بێت.

له‌كاتی بڕانی كاره‌بای نیشتمانی نابێت پێدانی كاره‌با به‌هاوڵاتیان له‌ 10 خوله‌ك زیاتر بخایه‌نێت

ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان، له‌كۆنوسه‌كه‌دا جه‌ختیان له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی كوژاندنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی مۆلیده‌ و پێدانی كاره‌با به‌هاوڵاتیان له‌ 10 خوله‌ك زیاتر بخایه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خاوه‌ن مۆلیده‌كه‌ سزاده‌درێت.

 خشته‌ی كارپێكردنی مۆلیده‌ بۆ مانگی (كانونی دوه‌م/1)ی 2024 گۆڕانكاری تێداده‌كرێت

كاره‌بای سلێمانی راشیگه‌یاندوه‌، خشته‌ی كارپێكردنی مۆلیده‌ بۆ مانگی (كانونی دوه‌م/1)ی 2024 گۆڕانكاری تێداده‌كرێت و مۆلیده‌كان له‌نێوان 1:00ی پاشنیوه‌ڕۆ تا 1:00ی شه‌و ئه‌گه‌ر كاره‌بای نیشتیمانی كوژایه‌وه‌ كارده‌كه‌ن، به‌یانیانیش له‌كاتژمێر 6:30 تا 8:00ی به‌یانی كارده‌كه‌ن، رۆژانی هه‌ینی و پشوه‌ فه‌رمییه‌كان به‌یانیان كارناكه‌ن له‌بری ئه‌وه‌ كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆ كارده‌كه‌ن.

دڵخوازەكانتان