بەیاننامەیەک لە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
شەوی ڕابردوو ٣٠/١٢/٢٠٢٣ کاتژمێر ١١:٤٥ بە ٢ درۆنی بۆمبرێژکراو هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر ،کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە.
ئەم هێرشە تیرۆریستیە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە.
ئێمە ئەو لایەنانە و حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گروپە لە یاسادەرچوانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەر چاوی حکومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان.
لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەلکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گروپانە پارەدار دەکرێن. چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە بەڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین لە سزادانی ئەم گروپانە و هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین.
داواش لە هەموو دۆست و لایەنەکان دەکەین کە لەو کردارە تیرۆریستیە بێ دەنگ نەبن و پشتیوانمان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەک کە بە گونجاوی بزانین. خوای گەورە پشت و پەنامان بێت. پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان