دادگەی فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە
دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کۆدەبێتەوە، بەرپرسی هۆبەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت ئەوان ئامادەی دانیشتنەکە نابن، چونکە هەموو رێککارەکان تەواو بوون و تەنیا بڕیاردانی ماوە.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی چوارشەممە 27-12-2023 دادگەکە بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک، کە پێشتر دوو سکاڵا بوون و یەکخراون، لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو تۆمارکراوە، کۆببێتەوە.
سکاڵاکە دوایینجار لە رۆژی 3-12-2023 دواخرا، ژمارە 83ـی فیدراڵی /2023ـی هەیە و لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە؛ تێیدا سکاڵاکاران داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (1، 9، 12، 15 و 36)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.
سکاڵاکان پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
رۆژی سێشەممە 26-12-2023، شەرمین خدر بەهجەت، بەرپرسى هۆبەى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند “ئێمە وەکو نوێنەرانی یاسایی و راوێژکارانی پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنەکەی دادگە ئامادە نابین، چونکە هەموو رێکارەکانی سکاڵاکە تەواوبوون و بەڵگەنامەکان پێشکێشکراون، لە دانیشتنی رابردووشدا بڕیار بوو دادگەکە بڕیاربدات، بەڵام دوایخست و دیاریش نییە سبەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی کەیسەکەوە دەدات یان نا.”
ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵاکەیان لەسەر تۆمارکراوە:
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بە ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت رێژەیان 30٪ کەمتر نەبێت.
مادەی 36:
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێن؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری دانا و رایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (واتە دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، کە بەپێی بڕیارەکە، پارتی دەیگوت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش رەتیکردەوە و ناکۆکی لەنێوان هەردوولادا دروستکرد.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لە کاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.
رۆژی 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ـی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.