کۆمپانیای دی ئێن ئۆ رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان زیاد دەکات

کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ی نەرویجی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کوردستان زیادکردووە و لە پلانیدایە بیرە نەوتێکی دیکەش لێبدات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19-12-2023، بیژەن رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی دی ئێن ئۆی نەرویجی لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەی نەوتی تاوکێی هەرێمی کوردستان زیادکردووە و بەردەوام لە زیادبوونیشدایە، بە جۆرێک ئێستا رۆژانە نزیکەی 90 هەزار بەمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دی ئێن ئۆ ئاماژەی بەوەش دا، لەو باوەڕەدان، ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی کۆمپانیاکەیان و کۆمپانیاکانی دیکەش بوونەتەوە چارەسەر دەبن و، “پابەندین بە فراوانکردنی کاری بازرگانیمان لە هەرێمی کوردستان”.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ـدا هاتووە، لە پلانیاندایە ساڵی 2024 لە باشیک بیرە نەوتێکی دیکە لێبدەن.

کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی لە چەندین کێڵگەی نەوتی لەنێوانیاندا کێڵگەی تاوکێ و پێشخابوور لە هەرێمی کوردستان کاردەکات.

دڵخوازەكانتان