سەرۆک بارزانی: ئاڵاکەمان ڕەمزی بەرخودان و ئاشتیخوازی و بڕوابەخۆبوونی گەلەکەمانە
سەرۆک بارزانی لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا پیرۆزبایی لە کوردستانییان دەکات و دەڵێت، “ئاڵاکەمان ڕەمزی بەرخودان و ئاشتیخوازی و بڕوابەخۆبوونی گەلەکەمانە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاوکردەوە: “کوردستانیانی ئازیز، ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە هەمووتان پیرۆز بێت”.
ئاڵای کوردستان، وەکو ئەوەی سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی پێ داوە، “ڕەمزی بەرخودان و ئاشتیخوازی و بڕوابەخۆبوونی گەلەکەمانە”.
17ی كانوونی یەكەم، وەك رۆژی ئاڵای كوردستان دیاریكراوە، ساڵانە کوردستانیان لەم رۆژەدا بە بەرزکردنەوەی ئاڵا و رێوڕەسمی تایبەت لە دامەزراوە فەرمییەکان و شوێنە گشتییەکان ئەو رۆژە بەرز رادەگرن.
هەرچەندە پێشتر لەلایەن چەند پارت و رێکخراوێک ئاڵای کوردستان بەرزکراوەتەوە، بەڵام پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بۆ یەکەمجار بە فەرمی لە 17ی کانوونی 1945 ئاڵای کوردستان لەسەر شارەوانی شاری مهاباد هەڵکرا، و رۆژی 22ی کانوونی دووەمی 1946 کۆماری کوردستان راگەیەندرا و ئاڵای کوردستان لەسەر دامەزراوە فەرمییەکانی کۆماری کوردستان هەڵکرا، ئەو رۆژە بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی سیاسی گەلی کورد هەژمار دەکرێت.
پاش تێپهڕبوونی 59 ساڵ له رۆژی 19/6/2009، پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە 48 بە کۆی دەنگ؛ رۆژی 17ی کانوونی یەکەمی بە رۆژی ئاڵای کوردستان دەستنیشانکرد، ساڵانە لەو رۆژەدا لە هەرێمی کوردستان ئەو رۆژە بەرز رادەگیرێت.
واتا و هێمای رەنگەکانی ئاڵای کوردستان:
رەنگی سوور: شۆڕش، خوێن رژان لە جەنگ، ئازایی، هێز، یەکسانیی.
رەنگی زەرد: رووناکیی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.
رەنگی سپی: ئاشتیی، ئارامیی، ئاگربەست.
رەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاوێتیی.