سەرۆکوەزیران بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی سۆران، پەیوەندی بە بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد کە هەرچی پێویستە بۆ هاوکاری و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی رووداوەکە بکەن.

شەوی ڕابردوو (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەدواداچوونی رووداوی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوەی باڵاخانەیەک لە سۆران، لە رێی تەلەفۆنەوە، پەیوەندیی بە هەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە کرد.

سەرۆکوزیران وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد کە هەرچی پێویستە بۆ هاوکاری و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی رووداوەکە بکەن.

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایسپاردن لێکۆڵینەوەی ورد و جددی لەبارەی هۆکاری روودانی ئەو کارەساتە بکەن، بەدواداچوونیش بۆ رێکارەکانی سەلامەتیی لە باڵاخانە و شوێنە گشتیی و تایبەتەکان بکرێت.

لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران کە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستا و هاووڵاتی ئاسایی تێیدا نیشتەجێبوون، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

دڵخوازەكانتان