بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە تەواوبوون و بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت. دەشڵێت، لەبارەی سێ مووچەی فەرمانبەران، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نامەیەکی فەرمی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 07-12-2023 ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە شاری کەرکووک رایگەیاند، “رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە تەواو بووە و بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت”.
لەبارەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵیش، ئومێد سەباح گوتی، “سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نامەیەکی فەرمی بۆ محەممەد شیاع سوودانی ناردووە و ئەو بابەتەش ئێستا بووەتە بابەتێکی ستراتیژی و گرنگ و خاڵی یەکەمی گفتوگۆکانمانە”.
لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی، “گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی گشتگیرن لەسەر بودجە، نەوت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بەرەو ئاراستەی باش دەڕۆن و لەگەڵ ئەم حکومەتە دەرگای باش بۆ گفتوگۆکردن کراوەتەوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیک بگەڕێنەوە بەغدا بۆ باسکردنی ئەو مەلەفانەی کە هەیە”.