میدیا و ئاسایشی نیشتمانی
ئاسایشی نیشتیمانی پرسێكه جیاوازتر له تیگه‌شتنی باو، ته‌نها په‌یوه‌ست نیە به ئاسایشی پایەكانی حوكومڕانیەوە، بەڵكو به‌رهه‌می مێژوویی ژیاری مرۆڤه، هه‌ڵكردن و پێكه‌وه‌یی ئاده‌میزاده، ئاسایشی نیشتمانی هه‌ڵگری چه‌مكه‌كانی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و دادپه‌روه‌ری و ئاكار و ئارامی و بەرپرسیاریەتی و …هتده، میدیای ده‌بێت هه‌ڵگری ئه‌و چه‌مكانه و به‌رپرسیاری ڕەوشت(ئەخلاق)ی ژیاری كۆمەڵگاكەبێت. هه‌ندێك له میدیاكان نه‌ك هه‌ڵگری ئەو چه‌مكانە نین، بەڵکو پانتایی ئازادیی كاری میدیاش بۆ مه‌رامی تایبه‌تی خۆیان به‌كار ده‌هێنن، نا به‌رپرسانه به میتۆدیكی ورد مرۆڤ ته‌به‌نی ده‌كه‌ن، بۆ ویستی شاراوەی پشت میدیاكە، نا ئارامی ده‌رونی و ژینگه‌ی فه‌وزه‌وی درووست ده‌كه‌ن، بەمەش مرۆڤه‌كان نائاگایانه به‌شدارن له تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانه‌كه‌یاندا.
ئەم جۆرە میدیا. هەمیشە به لێشاوی زانیاری ناڕاست ده‌وری هزری تاك ده‌ته‌نێت، به‌هاكانی تاك و كۆمه‌ڵگه بێئه‌رزش ده‌كات، مرۆڤ له ناو ئه‌و فه‌وزادا تووشی داڕمانی متمانە و هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانین ده‌بێت، ده‌گاته تێگه‌شتنێك، کە نه خۆی به‌های هه‌یه و نه كۆمه‌ڵگه‌كه‌شی، بۆیە تاك له‌و ژینگه شێوێندراوه‌دا، له چاوی میدیاوه دنیا ده‌بینێت و مرۆڤێكی بێ ڕوئیا و نا هۆشیار دروست دەبێت، کە ده‌سته‌پاچە و دۆشداماوە به‌دیار پێشهاته‌كانه‌وه، له‌م كەشەدا میدیا بكه‌ره، گه‌لیش ده‌بێت به كارلێکراوێكی داماڵراو له مەعریفی پێویست، له ژێر كاریگه‌ری به‌رده‌وامی چه‌واشه‌كاریدا، مرۆیه‌كی بێ ئاگایە و ناتوانێت ڕاست و نا ڕاست جیا بكاته‌وه.
له‌و دۆخه ناله‌باره‌دا، كه ئەو جۆرە میدیا درووستی ده‌كات، ژینگەیەك به‌رهه‌م دێت، تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگە باوه‌ڕیان بە سه‌ركه‌وتنی خۆیان نامێنێت، ئه‌گه‌ر هه‌وڵێكی خۆ ڕزگاریش هەبێت لێره و له‌وێ، ئەوا بێ‌نرخ ده‌خه‌مڵێنرێت و ده‌بێتە مایه‌ی گاڵته‌جاڕی، میدیای نابه‌رپرس ده‌كه‌وێته توانجدان له هه‌موو سێكته‌ره‌كان و ناشیرینكردنیان، بۆیە هه‌موو كارێكی باشیش به‌خراپ و بێ بایه‌خ داده‌نێت، مرۆڤیش به سرووشتی خۆی وایە کە زیاتر باوه‌ڕ به‌وه ده‌كات كه به‌رده‌وام به‌گوێیدا ده‌ئاخندرێت، له‌م چه‌واشه‌كارییه‌دا تاك نا‌ئومێد ده‌بێت و بێ بیركردنه‌وه ده‌كه‌وێته ڕه‌تكردنه‌وه‌یەکی كوێرانه، ئه‌م جۆره میدیایه هه‌موو پێشهاتێكی نه‌خوازراو ده‌خاته ئه‌ستۆی ده‌سەڵات و به به‌رپرسی دەناسێنێت، ئه‌وه‌ی ئه‌ركی تاك و گۆمه‌ڵگەشه، هه‌ر به ئه‌ركی ده‌سەڵاتی داده‌نێت، لەو سۆنگەوە مرۆڤه‌كان ده‌گه‌ن به‌و بڕوایه‌ی، کە ده‌سەڵات به‌رپرسی هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانه، ئیدی تاكێكی نا به‌رپرس و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داماڵراو له به‌رپرسیارێتی دروست ده‌بێت.
كاتێك میدیای نابه‌رپرس هه‌ڵگری چه‌مكه‌كانی ئاسایشی نیشتمانی نابێت، تەنها ئایدیای خۆی ئاراستە دەكات. فه‌وزای نیشتمانی سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئاگایی و تایبه‌ت مه‌ندی تاك گه‌رایی ون ده‌بێت. مرۆڤ ناتوانێت شه‌ڕی ده‌سته‌به‌ری ناسنامه و سه‌لماندی خود(وجودی زاتی)بكات، گه‌لێكیش له تاكی داڕووخاو پێك بێت، ناتوانێت هه‌ڵگری چه‌مكه‌كانی ئاسایشی نیشتیمانی بێت. گوتاری نیشتمانی و سیستمی كۆمه‌ڵگه‌ش هه‌ره‌س دێنێت.
هیوا ئەحمەد