مەسعود حەیدەر: کێشەیەکی گشتیی یاسایی دەوڵەتە و پێویستی بە چارەسەرە

مەسعود حەیدەر لەبارەی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتەکانی وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، “کێشەیەکی گشتیی یاسایی دەوڵەتە و پێویستی بە چارەسەر ھەیە”.

بە گوێرەی یاسای گشتیی بودجەی عێراق بۆ هەر سێ ساڵی 2023، 2024 و 2025، نابێت حکومەتی ئێستای عێراق هیچ پۆستێکی بەوەکالەتی تێدا هەبێت. لەو چوارچێوەیەدا دەسەڵات لە هەموو ئەو بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییانە وەردەگیرێتەوە کە بەوەکالەت دانراون؛ بۆیە دەسەڵات لە مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی و عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقی کە هەردووکیان کوردن، وەردەگیرێتەوە.

مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، “بە پێی ماددەی 71ی یاسای بودجەی فیدراڵی، ھەموو ئەو بەڕێوەبەرە گشتی، وەکیل وەزارەت و راوێژکارانەی بە وەکالەتن و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەداوە، ژمارەیان چەندین ھەزار پلە تایبەتە، لەبەرواری 01-12-2023، ناتوانن دەسەڵاتی یاسایی ئەو پۆستانە بەکاربهێنن. “

مەسعود حەیدەر جەختیش دەکاتەوە، ئەوان “پابەندی یاسان و کێشەیەکی گشتی یاسایی دەوڵەتە و پێویستی بە چارەسەر ھەیە بە ھەماھەنگی نێوان حکومەت و پەرلەمان”.

دڵخوازەكانتان