رێکخراوی هەنگاو: 16 کۆڵبەر لە سنووری بانە کوژراون

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، لە هەشت مانگی رابردوودا، بە ئۆتۆمبێل و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران؛ 16 کۆڵبەر لە سنووری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و 82ـی دیکەش بریندار بوون.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راگەیەندراوێکدا نوێترین ئاماری کورژان و برینداربوونی کۆڵبەرانی لە سنووری شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە هەشت مانگی دوای نەورۆزی ئەمساڵەوە 16 کۆڵبەر کە یەکێکیان گەنجێکی تەمەن 17 ساڵە؛ لە سنووری بانە کوژراون.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماوەی 70 ڕۆژی ڕابردووشدا لانیکەم 82 کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری شاری بانە برینداربوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لەم دواییانەدا کوشتنی کۆڵبەران لە سنووری بانە زیادیکردووە و شەش کەس لە کۆی ئەو 16 کۆڵبەرە کوژراوەی هەشت مانگی پێشوو لە 34 ڕۆژی ڕابردوودا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.

دڵخوازەكانتان