وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان چەند زانیارییەك لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت و ناردنی نەوت لەلایەن بەغداوە دەخاتە ڕوو

وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان رایگەیاند، شاندی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌ گفتوگۆدان، تێگه‌یشتنی باش هه‌یه‌ و هیوادارین بگه‌ینه‌ رێككه‌وتن و ده‌ست به‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت بكه‌نەوە. دەشڵێت: “وەزارەتی نەوتی عێراق لیتری نەوت به‌ 150 دینار دەدات، كه‌چی بڕیارە بە 250 دینار بۆ ئێمه‌ی‌ بنێرێت.”

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30/11/2023، وه‌زارەتی سامانه‌ سروشتییه‌كان لە راگەیاندراوێكدا، لەسەر زاری كه‌مال محه‌مه‌د ساڵح، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان بڵاوی كردەوە: “ئه‌گه‌ر گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان هه‌موار بكرێنه‌وه‌، ده‌بێت به‌ ڕه‌زامه‌ندیی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی نه‌وت بێت.”

كه‌مال محه‌مه‌د ساڵح دووپاتی كردووەتەوە: “گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێمی كوردستان گرێبه‌ستی ده‌ستوورین و له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵیدان و یاسای نه‌وت و غازی خۆی هه‌یە، كۆنسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكاش پرسیاری هه‌نگاوه‌كانی پێكه‌وه‌یی كاركردنی هه‌ردوو وه‌زاره‌ت بۆ داڕشتنی ڕەشنووسی یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵی لێ كردووم.”

ئاماژەی بەوەش داوە: “راوه‌ستاندنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان حه‌وت ملیار دۆلار زیانی به‌ عێراق گه‌یاندووه‌ و داواكه‌ی عێراقیش له‌ دادگای ناوبژیوانانی پاریس ره‌فتارێكی نادروست و ناعه‌قڵانی بوو.”

وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان راشیگەیاندووە: “له‌ ڕێگه‌ی پاڵاوگه‌كانی ناوخۆوه‌، به‌نزین و گازوایل و غازی ماڵان و غازی تایبه‌ت به‌ كارپێكردنی وێستگه‌کانی كاره‌با و نه‌وتی سپی به‌رهه‌م دێنین.”

روونیشی كردووەتەوە: “هیچ كێشه‌مان نییه‌‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی سۆمۆوه بفرۆشرێت، شاندی هه‌رێمی كوردسنان و به‌غدا له‌ گفتوگۆدان و تێگه‌یشتنی باشیش هه‌یه‌، هیوادارم بگه‌ینه‌ رێككه‌وتن و ده‌ست به‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت بكه‌ینه‌وه‌.”

سەبارەت بە ناردنی نەوت لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان، وەزیری سامانە سروشتییەكان دەڵێت: “به‌ وه‌زیری نه‌وتی عێراقم گوتووە، نه‌وت به‌ چ نرخێك ده‌درێته‌ هاووڵاتییانی عێراق، پێویستە به‌ هه‌مان نرخیشی بدرێته‌ هاووڵاتییانی كوردستان؛ كه‌ خۆی لیتری به‌ 150 دیناره،‌ كه‌چی بڕیارە بە 250 دینار بۆ ئێمه‌ی بنێرن.”

دڵخوازەكانتان