شاخەوان عەبدوڵا: هەموو لایەنەکان لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەن

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ ئاماژەدان بە دۆخی ئێستای گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئاشکرای کرد کە ” هەموو لایەنەکان لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەن.”

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان٢٤ گوتی: دواجار هەموو لایەنە سیاسییەکان رایانگەیاندووە کە لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەن، بەڵام دەبێ میکانیزمی ئەو هەڵبژاردنە بە شێوازێک بێت و چوارچێوەی یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە، نەک بە شێوەی خۆسەپاندن بێت.”

شاخەوان عەبدوڵا، دووپاتیکردەوە کە “هەموو ئاراستەکان بەرەو ئەوەیە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێ، بەڵام لەسەر شێواز و میکانیزمەکەی راوبۆچوونی جیاواز هەیە”.

خۆپێشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامە. ئەوان جەختیان کردووەتەوە کە تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، لە خۆپێشاندان بەردەوام دەبن.

لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەش لە ناوچەیەکی دیکە خۆپێشاندان دەکەن.

بڕیاربوو رۆژی شەممە خۆپێشاندانی “ملیۆنی” لایەنگرانی سەدر لە بەغدا بەڕێوە بچێت، بەڵام موقتەدا سەدر خۆپێشاندانەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست.

رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی له‌باره‌ی دۆخی ئێستای عێراق و خۆپیشاندانه‌كانی لایه‌نگرانی چوارچێوه‌ی هامه‌هه‌نگی بڵاوكرده‌وه‌.

سەبارەت بە دواخستنی خۆپیشاندانه‌كانی شه‌ممه‌ی داهاتووی بۆ كاتێكی نادیار، سەدر نووسیویەتی: “من خۆپێشاندانه‌كانی رۆژی شه‌ممه‌ بۆ كاتێكی نادیار دواده‌خه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی پلانه‌ قێزونه‌كانتان پووچه‌ڵ بكه‌مه‌وه‌، زیاتر خوێنی تاكی عێراق نه‌ڕژێت و، نه‌بنه‌ قوربانی گه‌نده‌ڵییه‌كانتان”.

شاخەوان عەبدوڵا، پێیوایە سەدر لەوە تێگەیشتووە کە رەنگە خۆپێشاندانەکە، دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات.

ئەو گوتی: موقتەدا سەدر لەوە تێگەیشت کە رەنگە لایەنی بەرامبەر فیتنە بگێڕێت، چونکە دوو خۆپێشاندانی گەورە لە یەک کاتدا رەنگە گرژی لێبکەوێتەوە، بۆیە خۆپێشاندانی رۆژی شەممەی دواخست، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە لە مەترسییەکان تێگەیشتوون.

دڵخوازەكانتان