دادگەى فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکى دژی سەندیکاى پارێزەرانى هەرێمى کوردستان رەتکردەوە

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکى دژى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان رەتکردەوە تایبەت بە رێنماییەک بۆ رێگریکردن لە کارکردنى ئەو پارێزەرانەى تەنیا ناسنامەى سەندیکاى پارێزەرانى عێراقیان هەیە و دەیانەوێت لە هەرێمى کوردستان کار بکەن. بەرپرسێکى سەندیکاکە دەڵێت، “رێککەوتنمان لەگەڵ سەندیکاى عێراق هەیە و هەر پارێزەرێک فەرمانبەر بێت یان تاوانى ئابڕووبەرانەى کردبێت، رێگەى پێنادرێت لە هەرێمى کوردستان کاربکات”.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ى تشرینى دووەمى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق تاوتوێى سکاڵا و داواکاریى چوار پارێزەرى کرد بۆ ئەوەى بڕیارێکى کاتى بدات بۆ راگرتنى گشتاندنى رێنماییەکى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان کە لە 18 ى ئابى 2023 دەریکردووە، بۆ راگرتنى کارى ئەو پارێزەرانەى تەنیا ناسنامەى سەندیکاى پارێزەرانى عێراقیان لە هەرێمى کوردستان هەیە.

20ى تشرینى دووەمى 2023، ئەیاد کاکەیی، سەرۆکى لقى هەولێرى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان راگەیاند، “دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵەکە و داواکارى راگرتنى کاتى رێنماییەکەشی رەتکردەوە. هۆکارى دەرکردنى ئەو رێنماییە ئەوەیە کە رێگە نەدرێت ئەو پارێزەرانەى کە فەرمانبەرن یان تاوانى ئابڕووبەرانەیان کردووە، کارى پارێزەرایەتى لە هەرێمى کوردستان بکەن”.

ئەیاد کاکەیی گوتیشی، “ئەو پارێزەرانەى ناسنامەى سەندیکاى پارێزەرانى عێراقیان هەیە، دەبێت ناسنامەى سەندیکاى پارێزەرانى هەرێمى کوردستانیش دەربکەن کە لە رێگەى ئەو مامەڵەیەوە دەردەکەوێت کە فەرمانبەر نەبێت یان تاوانى ئابڕووبەرانەى نەکردبێت تاوەکو بتوانێت لەهەرێمى کوردستان کار بکات”.

رێنماییەکەى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان لە کۆبوونەوەیەکى 27ى تەممووزى 2023 دەرکراوە؛ کۆتاییهاتنى کارکردنى ئەو پارێزەرانەى ناسنامەیان لە سەندیکاى پارێزەرانى هەرێمى کوردستان دەرنەهێناوە لە 17ى ئەیلوولەوە جێبەجێکراوە.

سەرۆکى لقى هەولێرى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان ئاماژەى بەوەشدا کە لەوبارەیەوە رێککەوتنیان لەگەڵ سەندیکاى پارێزەرانى عێراق هەیە .

سکاڵاکە لەلایەن پارێزەران عیزەدین محەممەد، ئەمیر بایز، دلێر حامید، دڵشاد قادر دژى سەرۆکى سەندیکاى پارێزەران تۆمار کرابوو.

 لە ساڵى 2023دا دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق چوار بڕیارى دژی هەرێمى کوردستان دەکردووە و هەشت بڕیاریشدا رەتکردنەوەى سکاڵا بووە دژى هەرێمى کوردستان.

دڵخوازەكانتان