بیردۆزه كۆمه‌ڵایه‌تییە‌كه‌ی حاجی قادری كۆیی
حاجی قادری كۆیی له ساڵی 1815 له گوندی گۆڕه‌قه‌رەجی سه‌ر به شارۆچکەی كۆیه له دایك بووه، دواتر ئاوارەی ئه‌سته‌نبووڵی پایته‌ختی عوسمانی بووە، له ژماره ٣ی ڕۆژنامه‌ی كوردستاندا کە له ساڵی 1898 له‌لایه‌ن میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخانه‌وه ده‌رده‌چوو، له لاپه‌ڕه سێ دا هه‌واڵی كۆچی دوایی حاجی قاردر ده‌نوسێت و ده‌ڵیت ساڵی 1897 حاجی قاردر کۆچی دوایی کردووە.
كۆیی دوای ئەحمدی خانی بە ڕابه‌ری بیری ناشیۆنالیزمی كوردی داده‌نرێت و خاوه‌نی بیری سیاسی ونه‌ته‌وییه، ئه‌وه‌ی له باره‌ی ئه‌و شاعیره مه‌زنه‌وه كار و شرۆڤه‌ی كه‌می له سه‌ر كراوه، بیردۆزی كۆمه‌ڵایه‌تیی حاجی قادره.
بیردۆزه‌كه‌ی حاجی نزیكه‌ی 70ساڵ پیش بیردۆزی كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌روونناسی ئه‌مه‌ریكی (ماسلۆ) نوسراوه، بیردۆزی هه‌ره‌میی ماسلۆ له سه‌ر ئاستی جیهانی به باشترین بیردۆزی بپێشنیاركراو داده‌نرێت بۆ مرۆڤ،بەڵام بیردۆزی كۆمه‌ڵایه‌تیی حاجی گونجاوترە بۆ كورد، چونكە هه‌ڵقوڵاوی هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه. حاجی زۆر باش ئاگاداری مێژوو و ئاكار و خووڕه‌وشتی تاكی كوردبووه، خۆی له ناو ئایین و كلتور و بابه‌ته كۆمه‌ڵاتییه‌كاندا گه‌وره بووه، بۆیە به وردی ده‌ست ده‌خاته سه‌ر گرفت و كێشه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگه، ئەمە جگه له‌وه‌ی كۆیی گرنگی به لایه‌نی پێویستی ڕۆحیی مروڤه‌كان ده‌دات، بەڵام ماسلۆ ئه‌م خاڵه‌ی فه‌رامۆش كردووه، ئه‌گه‌ر بیردۆزه‌كه‌ی حاجی بكرێت به بنەمای گه‌شەپێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی و بنیاتی تاك، ئەوە ده‌بێتە پنتی دوورستبوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندرووست.
كۆیی له شعری (شاعیر و شێخ و خواجه ده‌ربه‌ده‌رن)دا له چه‌ند نیوه دێڕێكدا به‌خاڵ بیردۆزه كۆمه‌ڵایه‌تییه بەپێزەكەی ده‌خاته ڕوو،دەکرێت بەم جۆرە شرۆڤەیەكی كورتی بۆ ده‌كەین.
یەكەم: خواردن، یه‌كه‌مین و گرنگترین هۆكار بۆ مانه‌وه‌ی مروڤ خواردنه. تاك هه‌میشه له هه‌وڵدابووه بۆ دابینكردنی خوارك، پاراستنی ئاسایشی خۆراك كۆڵەكه‌ی بنیاتی كۆمه‌ڵگەكانه، مروڤ پێویستی به دڵنیایی خۆراكه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی دواتر بنێت، مرۆڤه‌كان له ئاسایشی خۆراك دڵنیا نه‌بن، ناتوانن جگە لە خۆراك بیر لە هیچ شتكێی تر بكەنەوە.
دووه‌م: سوكنا، مروڤ به‌سرووشتی خۆی بوونه‌وه‌رێكه به‌دوای ئارامیدا ده‌گه‌ڕێت، هه‌میشه بیر له ئاسایش و ئارامیی دەكاته‌وه، سوكنا دەشێت ماڵێكی ئارام، یان كۆمه‌ڵگە و نێشتمانێکی ئارام بێت، تاكی هه‌ركۆمه‌ڵگەیه‌ك پێویسته هه‌ست به ئارامی بكات، بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی بژی، ئەگەر ژینگە و كەشی ئارام فەراهەم، بێت تاكی تەندروست بەرهەم دێنێت.
سێیه‌م: سه‌تری عه‌ورته، پاراستنی تایبه‌تمه‌ندیی مرۆڤ. حاجی هۆشیارانە په‌ی به ئه‌م گرفته له مێژینه‌ی كورد بردووه، ئه‌م كردە نا ڕەوشتییە نه‌خوازراوه تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه، به‌تایبه‌ت له ناو مه‌ڵتی میدیای كوردیدا ده‌ست بۆ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كه‌سی ده‌برێت، پێویسته مرۆڤ تایبه‌تمه‌ندیی پاریزراو بێت و له ژێر هیچ پاساوێكدا ده‌ست بۆ تایه‌تمه‌ندیی كه‌سی نه‌برێت و په‌رده له سه‌ر ژیانی كه‌س هه‌ڵنه‌ماڵرێت.
چوارەم:مەشغەڵەتی: لاالەالااللە، مرۆڤ چۆن لە ڕووی فیزیكییەوە پیویستی بە خۆراك هەیە، بە هەمان شێوە پێویستی بە خۆراكی ڕۆحیش هەیە. حاجی خۆی شاره‌زای دینە و بەئاگایە له په‌یوه‌ستیی تاكی كورد به ئایینه‌وه، مروڤه لە خوداپەرستیدا هه‌ست به ئامیی ده‌روون ده‌كات، بەندایەتیی مرۆڤ بۆ خوداكەی، ئاسوودەییەكی قوڵی ڕۆحیی پێ ده‌به‌خشێت.
پێنجەم: پشتیوانی بێت بینایی شەرعی مەتین: كاتێك مرۆڤ ئینتیمای هەبێت بۆ هەرشتێك، ڕژدتر دەبێت و پەیوەستییەكی باشی دەبێت بۆ ئەو شتە، جا ئەو ئینتیمایە نیشتمانی بێت، وەك ئینتیما بۆ گەل و خاك، یان ئایدۆلۆژی بێت، یانیش ئایینی، یان ئینتیما بۆ كار و پیشه، کە وا ده‌كات مروڤ دلسۆزانه تێكبۆشێت بۆ كارەكه‌ی و توانای بەردەوامیی هەبێت، هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌ك تاكه‌كانی خاوه‌نی ئینتیمابن، ئەو کۆمەڵگەیە دەبێت بە كۆمەڵگەیەكی بنیاتنەر و گه‌شه‌سه‌ندوو.
شەشەم: شیر و به‌خشین و خامه‌ی ڕه‌نگین: حاجی سێ پایه‌ی گرنگی بیردۆزه‌كه‌ی له نیوه‌دێڕێكدا ده‌نوسێت، كه ده‌كرێت بگوترێت بیردۆزه‌كه‌ی حاجی نه‌ك هه‌ركۆمه‌ڵاتییه، بگرە بیردۆزی ده‌وڵه‌تدارییشه، چونكه (شیر)یان تیر مه‌به‌ست لێی (چه‌كە) کە پێویستیی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ته، كۆیی به ئاگاییه له پێویستی و هه‌نگاوه‌كانی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت دەڕوانێت.
به‌خشین یه‌كێكه له سیفه‌ته جوانه‌كانی گه‌لی كورد، به شاهیدیی نووسه‌ره جیهانییه‌كانیش، كورد گه‌لێكی به‌خشنده‌یه و له مێژوودا ئه‌وه سه‌لمێندراوه، به‌خشین یه‌كیكه له‌و كارانه‌ی کە دڵ و ده‌روونی مروڤ ئارام ده‌كاته‌وه، ئه‌م سیفاته به‌رزه په‌یوه‌ندیی به‌تین له نیوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگەشدا دروست ده‌كات و ده‌ستگیرۆیی نه‌داره‌كان ده‌كات، كه‌سی به‌خشه‌ر حاوه‌ن پایه‌یه‌كی به‌رزی كۆمه‌ڵایه‌تییه.
خامه‌ی ڕه‌نگین، هونه‌رێكی گرنگی گه‌لانه، جا ئه‌و خامه‌یە له كاری نووسین و ئه‌ده‌ب بێت، یان ده‌ستڕه‌نگینیی مروڤ بێت، گه‌لانی ده‌ستڕەنگینی كۆن ئه‌و گه‌لانه‌ن ئه‌مڕۆ خاوه‌ن پیشه‌سازیی گه‌وره‌ن، هیچ پیشه سازییه‌ك نییه به كاری ده‌ستی چه‌كه‌ره‌ی نه‌كردبێت، حاجییش هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه داوای كاری ده‌ست و خامه‌ی ڕه‌نگین له تاكی كورد ده‌كات.
هیوا ئەحمەد