وەزارەتی دارایی وادەی دابەشکردنی مووچەی راگەیاند

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ 200 ملیار سینار خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و رۆژی شەممە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

لە راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هاتووە: “کەمێک لەمەوبەر بڕی 200 ملیار دینار لەلایەن بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر  هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. رۆژی شەممە 4/11/2023 لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و رۆژی پێنجشەممە 9/11/2023، کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت”.

بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، دەبێ مانگانە وەزارەتی دارایی عێراق 700 ملیار دینار وەک قەرز بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، تا ئەوکاتەی پشکی هەرێم لە مووچەی گشتی عێراق رەوانە دەکرێت.

لە (14ـی ئەیلوولی 2023)، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کورستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە یاوەری قوباد تاڵەبانی و شاندێکی یاوەری سەردانی بەغدایان کرد و 14 کۆبوونەوەی جیایان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتنە رێککەوتن، کە تا یاسای بودجەی گشتی جێبەجێ دەکرێت و پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت، بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی قەرز بنێردرێت. دواتر لە لە کۆبوونەوەی رۆژی 17/9/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 700 ملیار دیناری سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا.

دڵخوازەكانتان