نێچیرڤان بارزانى و باڵیۆزی ئه‌مریكا: جەخت لە پاراستنی هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و نێرده دیپلۆماسییه‌كان دەكەینەوە
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزى ئه‌مریكا له عێراق كۆبونه‌وه و جه‌ختیان له به‌رده‌وامیى هاریكاریى هاوبه‌ش و گرنگیى پاراستنى ئاسایش و سه‌لامه‌تیى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و نێرده دیپلۆماسییه‌كان له ته‌واوى عێراق كرده‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له ئالینا رۆمانۆوسكى، باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له عێراق كرد و له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا بره‌ودانى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنى ستراتیژی ئه‌مه‌ریكى ـ عێراقیدا تاوتوێ كرا.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، هه‌ردوولا جه‌ختیان له به‌رده‌وامیى هاریكاریى هاوبه‌ش و گرنگیى پاراستنى ئاسایش و سه‌لامه‌تیى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و نێرده دیپلۆماسییه‌كان له ته‌واوى عێراق كرده‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه، له ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه كونسوڵى گشتیى ئه‌مریكا له هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بو، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى خرایه به‌ر باس، بەڵام هیچ زانیاریەک لەبارەی کۆبونەوەکەوە ئاشکرا نەکراوە.