سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە لیۆ جیۆن كونسوڵی گشتیی نوێی چین لە شاری هەولێر و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كونسوڵی چین لە هەولێر پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان لە مێژوو و هاوكێشەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا هەبوو و هەروەها قوربانیدانی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بەرز نرخاند. وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژوویی و دێرینەكانی نێوان بارزانیی نەمر و سەركردەكانی چین و هەردوو حزبی شیوعی چین و پارتی، خوازیاری ئەوە بوو كە پەیوەندییەكانی وڵاتی چین و هەرێمی كوردستان لەبوارە جۆراوجۆرەكانی ئابووری و كولتووری و زانستی و بازرگانی و گەشتكردنی هاووڵاتیان پەرەی زیاتر بستێنن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ كونسوڵی تازەی چین لە هەولێر خواست و پێزانینی بۆ مێژوو و شارستانیەتی چین و گەل و سەركردایەتیی چین هەبوو كە ئاستەنگی زۆر گەورەیان تێپەڕاندووە و خزمەتی زۆریان پێشكەشی مرۆڤایەتی و جیهان كردووە و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا نیشان دا.
گفتوگۆكردن لەبارەی بارودۆخ و دوا پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەكان لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون.

دڵخوازەكانتان