مەسروور بارزانی: ئومێدمان وایە ڕۆژ بە ڕۆژ كوردستان بەرەو پێشەوە بەرین

ئەمڕۆ سێشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی پاکەت و کارتۆن (پاکێجینگ)ی کۆمپانیای فابیابی ئەڵمانیی لە هەولێر کردەوە و لە وتارێکدا ڕایگەیاند، جێی دڵخۆشییە كە دەبینین لە كوردستان كەرتی پیشەسازی بەرەو پێشەوە دەچێت.

ئەمەش دەقی وتارەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ كردنەوەی ئەم كارگەیە كە كارگەی دروستكردنی كارتۆن و بەرگگرتن و ئۆفسێت و كاری كاغەزە، كە بە شێوەیەكی زۆر پێشكەوتوو، بە ئامراز و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو دانراوە، جێی دەستخۆشییە و من دەستخۆشی لە ئێوەی بەڕێز دەكەم كە ئەم كارەتان كردووە.

بەڕاستی ئەمە جێی دڵخۆشییە كە دەبینین لە كوردستان كەرتی پیشەسازی بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەرێكی زۆر بێت بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی كشتوكاڵی كە ماوەیەكە ئێمە توانیومانە بەروبوومی جووتیاران، بەروبوومی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكەین، ئەم جۆرە كارانە یارمەتیدەرێكی زۆر دەبن بۆ پاكێجینگ و بەرگگرتن و ئەو شتانەی كە پێویستن، كە بكرێت وەكوو براندی كوردستانی ئێمە بتوانین بەروبوومەكانی خۆمان هەناردەی دەرێ بكەین.

بەروبوومەكانی ئێمە تام و چێژێكی تایبەتیان هەیە و ڕەغبەتی زۆریشیان لەسەرە، ئەوەی ماوەتەوە ئەمەیە كە بە شێوەیەكی جوان و ڕێكوپێك، بەرگی بۆ دروست بكرێ و پاكێجینگی بۆ بكرێ و بتوانین هەناردەی دەرێی بكەین. ئەم جۆرە كارگانە زۆر زۆر دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی ئەم كارە بكەین. وابزانم یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنیشیان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان هەیە كە ئەمە یارمەتیدەرێكی زۆرە هەم بۆ بەروبوومەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و یارمەتیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. بە پێچەوانەشەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەم شێوەیە زۆر زۆر زیاتر دەتوانێت یارمەتیی كەرتی تایبەت و پیشەسازی بدات.

ئێمە مەبەستمانە لە كوردستان بتوانین هەموو پێداویستییەكانی خۆمان، ئەوەی پێمان بكرێ لەناو خودی كوردستانەوە دروستی بكەین، ئەمە هەلی كاریش بۆ خەڵكێكی زۆر دروست دەكات. ئەوەی بیستم لێرە بە سەدان هەلی كاری نوێ لەم كارگەیە دروست كراوە كە ئەمە جێی ئومێد و دڵخۆشیی زۆرە. ئەوەی لەسەر حكوومەتیشە ئێمە ئاسانكاری بكەین، پشتیوانی بكەین، یارمەتیی كەرتی تایبەت بدەین. ئومێدیشمان وایە كە بە هاوكاریی حكوومەت و كەرتی گشتی لەگەڵ كەرتی تایبەت، بتوانین هەموو پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان دابین بكەین و ڕۆژ بە ڕۆژیش كوردستان بەرەو پێشەوە بەرین.

دڵخوازەكانتان