لە هەولێر ساڵیادی دەرچونی بڕیاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایش بەرز راگیرا

بەئامادەبونی مەسرور بارزانی سەرۆك و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، رێوڕەسمێكی تایبەت بەساڵیادی دەرچونی بڕیاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان سەبارەت بە ئافرەت، ئاشتی و ئاسایش لە هەولێر بەڕێوەچو كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی یەكسانی رەگەزی و تواناسازی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان رێكخرابو.
لەڕێوڕەسمەكەدا سەرۆكی حكومەت وتارێكی پێشكەش كردو تێیدا جەختی كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كار دەكات بۆ زیاتر بەهێزكردن و پەرەپێدانی رۆڵ و پێگەی ئافرەتان لەناو حكومەت و نەهێشتنی هەمو جۆرە پەراوێزخستنێكی ئافرەتان لە بڕیاری سیاسی و حوكمڕانی و بەرەنگاربونەوەی پێشێلكردنی مافەكانیان و روبەڕوبونەوەی توندوتیژی، هەروەها كاریش دەكەت بۆ زیاتر پەرەپێدانی كلتوری یەكسانی نێوان پیاو و ئافرەت.
وتیشی: ئامانجی سەرەكی لەپشت دەرچونی ئەم بڕیارە، بەرەنگاربونەوەو نەهێشتنی توندوتیژییە دژی ئافرەتان لەكاتی شەڕو جەنگداو هەروەها برەودانە بە بەشداری ئافرەتان لە چەسپاندنی ئاشتی و كاراكردنی رۆڵیانە لە بڕیاری سیاسی و دەسەڵاتدا.

دڵخوازەكانتان