كازمی بانگهێشتی سه‌ركرده‌كانی عێراق ده‌كات بۆ دیالۆگی نیشتمانی

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌م ئه‌نجامدانی دیالۆگێكی نیشتمانی ڕاگه‌یاند و داوای له‌ سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كانی عێراقیش كرد سبه‌ی چوارشه‌م له‌و دیالۆگه‌ نیشتمانییه‌ به‌شداربن بۆ رزگاركردنی نیشتمان له‌و چه‌قبه‌ستووییه‌ سیاسییه‌ی كه‌ ئێستا تێی كه‌وتوون.

مسته‌فا كازمی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌می ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا ڕایگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا دۆخی چه‌قبه‌ستوویی سیاسی عێراق درێژه‌ی هه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌ری خراپی كردۆته‌ سه‌ر كاره‌كانی حكوومه‌تیش، هه‌رچه‌نده‌ حكوومه‌ت لایه‌نێك نییه‌ له‌ ململانێ سیاسییه‌كان، به‌ڵام هه‌ندێ كه‌س ده‌یانه‌وێ ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌ت.  

ڕاشیگه‌یاند: قه‌یرانی هاوشێوه‌ی ئێستای عێراق پێشتر له‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی دیكه‌ش روویانداوه‌، به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ ئاڵۆزتریش بووبێت، به‌ڵام سه‌ركرده‌ ژیره‌كانیان به‌ دانایی توانیویانه‌ ئه‌م قۆناغانه‌ تێپه‌ڕێنن و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جاریش ئه‌م قۆناغانه‌ بۆته‌ ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتن.

مسته‌فا كازمی نموونه‌ی به‌ سه‌نگافوورا هێنایه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: ده‌وڵه‌تێكی نموونه‌یی بوو له‌ دواكه‌وتوویی، به‌ڵام ئێستا ده‌بینن یه‌كێكه‌ له‌ مه‌زنترین وڵاتانی جیهان، به‌هه‌مانشێوه‌ ڕواندا له‌ ئه‌فریقیا كه‌ شه‌ڕی ناوه‌خۆیی و كۆمه‌ڵكوژی باڵی به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته‌دا‌ كێشابوو، به‌ڵام ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ هه‌ره‌ گرینگه‌كانی ئه‌فریقیا، بۆیه‌ ناكرێ عێراق كه‌ دامه‌زرێنه‌ری شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تییه‌ و ته‌مه‌نی زیاتر له‌ 6 هه‌زار ساڵه‌، تا ئێستا به‌ده‌ست كێشه‌ی ئیراده‌وه‌ بناڵێنێ.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌: له‌ كابینه‌ی ئه‌م حكوومه‌تدا ڕژاندنی خوێنی عێراقیمان حه‌ڕام كردووه‌، سه‌رجه‌م كێشه‌كانیش ده‌بێت ته‌نیا به‌ دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێن، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌م سبه‌ی دیالۆگێكی نیشتمانی ئه‌نجام بدرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوا له‌ سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كانی عێراق ده‌كه‌م به‌شداربن تێیدا بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك.

سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ش، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: هیچ حكوومه‌تێك ناتوانێ به‌بێ بودجه‌ بژی، ئه‌مه‌‌ دوو ساڵه‌ عێراق به‌بێ بوودجه‌یه‌، به‌ڵام به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت توانیمان وڵات به‌ڕێوه‌ ببه‌ین، هه‌لی سه‌ركه‌وتنی زیاتریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موومان به‌ ڕووحییه‌تی تیم و كاری هاوبه‌ش و خۆشه‌ویستی بۆ عێراق كار بكه‌ین.

گوتیشی: ئه‌م حكوومه‌ته‌ی ئێستا له‌ بارودۆخێكی تایبه‌ت هات و توانیشی سه‌رجه‌م به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌می تێپه‌ڕێنێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه ئێستا‌ له ته‌مه‌نی‌ 28 مانگی نزیك ده‌بێته‌وه‌، ته‌نیا 6 مانگ بودجه‌ی هه‌بووه‌.

له‌ كۆتاییدا مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گوتی: هاووڵاتییان مافی خۆیانه‌ داوای خزمه‌تگوزارییه‌كان و شه‌قام و ئاو و قوتابخانه‌ و چاودێری ته‌ندروستییه‌كی باش بكه‌ن، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ریشدا حكوومه‌ت ده‌بێت بودجه‌ی له‌به‌رده‌ست بێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆلی خۆی به‌ته‌واوی تێدا بگێڕێ.

دڵخوازەكانتان