نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی پێشمەرگە شەهیدەکانی قەرەچووخ دەکات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرسە و انەوادەی پێشمەرگە شەهیدەکانی چیای قەرەچووخ لە سنووری مەخموور دەکات.  

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 22-10-2023، لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخموور شەڕ روویدا. وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، “شەهید و بریندار لە هەردوولا” هەبوو. 

رۆژی سێشەممە 24-10-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ “خانەوادەی هەردوو شەهید، قەهار جەوهەر قەهار و هاوڕێ جەوهەر رەحمان کرد كە رۆژی یەكشەممە لە قەرەچووخ شەهید بوون.”

بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی “پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی پێشكێش بە خانەوادەی هەردوو شەهید و كەسوكاریان كرد، هاوسۆزی و هاوخەمی لەگەڵیاندا دەربڕی.” 

لەبارەی شەڕەکەی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە لە سنووری مەخموور، رۆژی (دووشەممە، 23ـی ئۆکتۆبەری 2023)، سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، “رووداوێکی ناخۆش لە ناوچەی مەخموور روویدا و لە ئەنجامدا شەهید و برینداربوونی لە هەردوولا لێکەوتەوە.” 

وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان “هیوای خواست خوای مەزن گیانی شەهیدان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و ئارامی و دڵنەوایی بە خانەوادە و كەسوكاریان ببەخشێت. لای خۆیانەوە خانەوادەی هەردوو شەهید، سوپاس و پێزانینیی خۆیان و كەسوكاریان بۆ پەیوەندی و هاوخەمی و هاوسۆزیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتکرده‌وه‌.”

سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریداوە بە پێکهێنانى لیژنەیەکى باڵاى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەى قەزاى مەخموور. گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، حەوت کەسیش لە هەردوولا برینداربوون. (یەکێک لەوان عەقید قەهار جەوهەرە کە دواتر شەهید بوو). 

بەگوێرەى راگەیێندراوی لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانى داواى لە سەرجەم سەرکردە و فەرماندە سەربازییەکانى سوپاى عێراق و پێشمەرگە کردووە “هۆشیاران”ـە مامەڵە بکەن.

لەبارەی لیژنەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە، پشتیوانی بڕیاری ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی “خێرا و شەفاف” لە رووداوەکە لەلایەن محەممەد شیاع سوودانییەوە دەکەن بە ئامانجی دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە. 

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان

ئەمڕۆ سێشەممە 2023/10/24 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ خانەوادەی هەردوو شەهید قەهار جەوهەر قەهار و هاوڕێ جەوهەر ڕەحمان كە ڕۆژی یەكشەممە لە چیای قەرەچووخ لە سنووری مەخموور شەهید بوون، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی پێشكەش بە خانەوادەی هەردوو شەهید و كەسوكاریان كرد و هاوسۆزی و هاوخەمی لەگەڵیاندا دەربڕی.

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست خوای مەزن گیانی شەهیدان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و ئارامی و دڵنەوایی بە خانەوادە و كەسوكاریان ببەخشێت. لای خۆیانەوە خانەوادەی هەردوو شەهید، سوپاس و پێزانینیی خۆیان و كەسوكاریان بۆ پەیوەندی و هاوخەمی و هاوسۆزیی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپات کرده‌وه‌.

دڵخوازەكانتان