لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 30 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان فۆرمی حەجیان پڕکردووەتەوە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێنجشەممە ناونووسین بۆ حەج کۆتایی دێت و وادەکەش درێژ ناکرێتەوە. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداویش، زیاتر لە 30 هەزار کەس فۆرمی حەجیان پڕکردووەتەوە، کە هەر کەس 25 هەزار دیناری لێ وەرگیراوە و بەوەش کۆی گشتیی ئەو پارەیەی وەرگیراوە، گەیشتووەتە زیاتر لە 767 ملیۆن دینار.

رۆژی سێشەممە 24-10-2023 کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان وتی، “ناونووسین بۆ حەج 15ی ئەم مانگە دەستیپێکرد و رۆژی پێنجشەممە 26ی ئەم مانگە کۆتایی دێت و وادەکەش درێژناکرێتەوە.”

بە گوتەی کاروان ستوونی، دوای ئەوەی ناونووسین کۆتایی دێت، ناوەکان داخڵی کۆمپیوتەر دەکرێن و هەر کەسێک زیاتر لە دوو جار ناوی نووسیبێت، دەردەکەوێت و بەگوێرەی رێینوێنییەکان پووچەڵ دەکرێتەوە؛ دەشڵێت، “وردبینیکردنی ناوەکان و راگەیاندنیان رەنگە نزیکەی مانگێک بخایەنێت.”

ناونووسین لە رێگەی فۆرمەوە دەبێت کە فۆرمی یەک کەسی، دوو کەسی و سێ کەسی هەیە. بۆ پڕکردنەوەی فۆرم، پێویستە هاونیشتمانی 25 هەزار دینار بدات، واتە هەر کەس فۆرمی سێ کەسی وەربگرێت، دەبێت 75 هەزار دینار بدات.

لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، گەرمیان و راپەرین نزیکەی 30 هەزار و 710 هاونیشتمانی فۆرمی حەجیان پڕکردووەتەوە، کە هەر کەسێک 25 هەزار دیناری لێ وەرگیراوە، بەو جۆرەش کۆی گشتیی داهاتی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە ناونووسین بۆ حەج گەیشتووەتە 767 ملیۆن و 750 هەزار دینار.

هەڵگورد عەبدولسەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەولێر رۆژی سێشەممە 24-10-2023 وتی “تاوەکو 22ی ئەم مانگە لە سنووری پارێزگای هەولێر، 11 هەزار کەس فۆرمی داواکردنی حەجیان پێشکێش کردبوو. تاوەکو پێنجشەممە ناونووسین بەردەوام دەبێت و دوای ئەو وادەیەش درێژناکرێتەوە.”

لە پارێزگای دهۆک بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیشەوە تاوەکو رۆژی یەکشەممە نزیکەی 5000 هاووڵاتی فۆرمیان پڕکردبووەوە. سەرمەد ئالیخان، بەڕێوەبەری حەج و عومرە لە پارێزگای دهۆک بە رووداوی گوت، “نزیکەی 5000 فۆرم دابەشکراون کە فۆرمی یەک کەسی، دوو کەسی و سێ کەسیش لەخۆدەگرێت و رۆژی پێنجشەممەش ئامارەکە بە وردی رادەگەیێندرێت.”

بە گوتەی ئارام شێخ جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای هەڵەبجە “700 فۆرم بۆ پارێزگاکە هاتوون و لەو ژمارەیە 400 پڕکراونەتەوە کە دوو کەسی و سێ کەسیش هەن؛ بۆیە بە گشتی نزیکەی 700 هاونیشتمانی فۆرمیان پڕکردووەتەوە.”

شێخ تەها عومەر، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی راپەرینیش بە رووداوی گوت، “لە سنووری ئیدارەکەمان هەزار و 236 فۆرم بەسەر دوو هەزار و 250 هاونیشتمانییدا دابەشکراون. فۆرمی دوو کەسی و سێ کەسیش هەن و بەشێکی ئەو فۆرمانەش پڕکراونەتەوە.”

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش تاوەکو دوێنێ 2500 فۆرم دابەشکرابوون. ئیدریس ژاڵەیی، لێپرسراوی نووسینگەی حەج و عومرەی گەرمیان بوتی ئەو 2500 فۆرمەی دابەشکراون نزیکەی 4000 هاووڵاتی پڕیان کردوونەتەوە.”

ئەمساڵ 4685 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون. تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4500 و بە وشکانیش 3800 دۆلار بوو.

دڵخوازەكانتان