پارتی و گۆڕان پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن

شاندێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە بڕیارە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو بکرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی ئۆکتۆبەری 2023 شاندی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی لە پیرمام لەگەڵ شاندی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی کۆببنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی شاندەکەی بزووتنەوەی گۆڕان پێکهاتوون لە عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، مستەفا سەید قادر، کاردۆ محەممەد، بەختیار عومەر و دلێر عەبدولخالق.

شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێکهاتوون لە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی، هۆشیار زێباری، مەحموود محەممەد، سیداد بارزانی و چەند ئەندامێکی دیکەی دەستەی کارگێڕی.

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش گفتوگۆکردنە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کە پرسەکانی دارایی، سیاسی و ئەمنی نێوان هەولێر و بەغدان و لەناویاندا پرسی هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و گاز و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، گفتوگۆی چڕیان لەبارەوە دەکرێت.

یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەی پەیوەست بە دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە بڕیارە 25ـی شوباتی 2024 بەڕێوەبچێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی بکات.

دڵخوازەكانتان