نرخی نەوت دابەزی

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 15-08-2022 نرخی نەوت نزیکەی پێنج دۆلار دابەزی، ئەوەش بەهۆی ئامارە ئابوورییەکانی چین کە نیشانی دەدەن بووژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە بەهۆی کاریگەریی رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆی دژی کۆرۆنا و قەیرانی کەرتی خانووبەرەوە سنووردار بووە. ئەوەش مەترسی لەسەر خواستی ئەو وڵاتە لەسەر نەوت دروستدەکات.

نرخی نەوتی برێنت بڕی چوار دۆلار و 75 سەنت، یاخود 4.84%ی نرخەکەی لەدەستداوە، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 93 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش چوار دۆلار و 52 سەنت، یاخود 4.91%ی نرخەکەی لەدەستدا و هەر بەرمیلێک بە 87 دۆلار و 19 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.

دابەزینی نرخی نەوت لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوت بە 97 دۆلار و 27 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە 91 دۆلار و 26 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

دڵخوازەكانتان