ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە (مهمەد مەولود یاکوت) کونسوڵی گشتیی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا وێڕای بەخێرھێنانی میوانان، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشھاتەکان و دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە و پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ بە پابەندبوون بە دەستوور و لە ڕێگای دیالۆک کرا.
ھەروەھا میرانی ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە مافی گشت پێکھاتەکانی عێراق پارێزراو بێت و سەقامگیری ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکە لە خزمەتی ھەموو لایەک دایە.
ھاوکات کونسوڵی گشتی تورکیا سوپاسی مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ئەم دیدارە و ھیوای خواست بتوانێت برەو بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بدات، بەتایبەتی لەو بوارانەدا کە بۆ ھەردوولا گرنگن.
دواتر پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ئێستا باشە و پێویستە باشتر بکرێت و چەند پرسێکی دیکە کە جێی بایەخی ھاوبەشن، تەوەرێکی تری دیدارەکە بوون.