لە فڕۆکەخانەی سلێمانی37 كەس دەستگیركراون
لە سەرەتای ئەمساڵەوە 37 کەس بەتۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامەی گەشتکردن لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستگیر کراون و رێکاری یاساییش لە بەرامبەریان گیراوەتەبەر.
ئەمڕۆ سێشەممە 10.10.2023، مقەدەم کاردۆ عوسمان هەورامی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی کە لقێکیان لە فڕۆکەخانە هەیە راگەیاند، لە رێکەوتی 1.1.2023 تاوەکو 10.10.2023، توانیویانە رێگری لە گەشتی 37 ھاوڵاتی عێراقی و کەسانی بیانی بکەن، کە ویستویانە بە بەڵگەنامەی ساختەوە گەشت بکەن، یان بێنە ناو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە.
وتیشی، ئەو کەسانەش دوای ئاشکراکردنی بەڵگەنامەکانیان رادەستی دادگا کراون و رێکاری پێویستیان لەدژ گیراوەتەبەر.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی باسی لەوەشکرد، نشینگەی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەرێگەی ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی لێھاتووەوە، ساڵانە رێگری لە دەیان کاری ساختە دەکات.