حکومەتی عێراق هەڵمەتێکی ئاوەدانکردنەوە رادەگەیەنێت و هەرێمی کوردستان لێی بێبەشە

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵمەتێکی ئاوەدانکردنەوەی بۆ ماوەی شەش مانگ راگەیاندووە بە مەبەستی چاککردن و باشترکردنی پرد، پارک و رێگە سەرەکییەکانی پارێزگاکانی عێراق، بەڵام هەرێمی کوردستان لێی بێبەشە.

رۆژی سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵمەتێکی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکانی عێراقی لەژێر ناوی (عێراق جوانترینە) راگەیاند. بڕیارەکە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە، بێجگە لە پارێزگای بەغدا و هەرێمی کوردستان.

هەڵمەتەکە لەسەر بنەمای رێنوێنییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە بڕیارێکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە نووسراوێکی فەرمی کە واژووی ئیحسان یاسین عەوادی، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیران لەسەرە، ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.

سوودانی بۆ جێبەجێکردنی هەڵمەتەکەی لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد عەبدولزەهرە فەتلاوی، رێکخەری کاروباری پارێزگاکان و بە ئەندامێتیی پارێزگارانی ئەو پارێزگایانەی هەڵمەتەکە دەیانگرێتەوە، بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان، نوێنەرێکی بەشی بەدواداچوونی نووسینگەی سەرۆکوەزیران پێکهێناوە.

ماوەی هەڵمەتەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق شەش مانگە؛ ئەو لیژنەیەی پێکیهێناوە، بەرپرسیارێتی جێبەجێکردن و سەرپەرشتیکردنی چاککردنەوەی بەپەلە و باشترکردنی (رێگە سەرەکییەکان، پرد، پارک و باخچە گشتییەکان و کەنار رووبارەکان) لە ئەستۆ دەگرێت. لیژنەکە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە “کەسانی شیاو” بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان هەڵبژێرێت.

دڵخوازەكانتان