سەرۆك بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكانی پارێزگای كەركووك كۆبووەوە
سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتە جیاجیاكانی پارێزگای كەركووك، جەختی لەسەر پێکەوەژیان و برایەتی نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک کردەوە و بە پێویستیشی زانی كێشە و گرفتەكان لە رێگەی دیالۆگ و بە گوێرەی یاسا و دەستوور چارەسەر بكرێن.
رۆژی پێنجشەممە (14ی ئەیلوولی 2023) لە سەڵاحەددین، سەرۆك بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتە جیاجیاكانی پارێزگای كەركووك كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان بیروڕایان لەبارەی رووداوەكانی ئەم دوایەی كەركووك و دۆخی گشتیی پارێزگای كەركووك و مەترسی و هەڕەشەكانی بەردەم سەقامگیری و پێكەوەژیانی پارێزگای كەركووك خستەڕوو.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی كەركووك و جەختی لەوە كردەوە كە كەركووك شاری پێكەوەژیان و برایەتییە و پێویستە هەموو لایەك لە ئیدارەدان و بنیاتنانی داهاتووی ئەو شارە بەشدار بن و، بە پێویستیشی زانی كێشە و گرفتەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و بە گوێرەی یاسا و دەستوور چارەسەر بكرێن.