روونكردنەوە لەبارەی دەوامی زانكۆ و پەیمانگەكان دەدرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشكرای دەكات، بەپێی ساڵنامەی زانكۆیی دەوام دەكرێت. سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدینیش دەڵێت: ”لە كۆلێژەكانی زانكۆی سەڵاحەدین دەوامی قوتابییان دەستی پێ كردووە.“

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیاند: “سەبارەت بە دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگەكان، هەر زانكۆیەك بەپێی ساڵنامەی زانكۆیی خۆی دەستپێكی دەوام و پشووەكان و تاقیكردنەوەكان و كاتی كۆتایی دەوامی دیاری كردووە و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاش ساڵنامەكە پەسند كراوە.”

عەباس ئەکرەم ئاماژەی بەوەش دا: “بۆیە هەر زانكۆیەك پابەندە بە ساڵنامەی زانكۆیی خۆی و هیچ گرفتێك نییە.”

گوتەبێژی وەزارەتی خوێدنی باڵا، دەنگۆی دواخستنی دەوامی زانکۆ و پەیمانگەکان رەت دەكاتەوە.
لای خۆیەوە د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، ڕاگەیاند: “لە كۆلێژەكانی زانكۆی سەڵاحەدین دەوامی قوتابییان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023- 2024، دەستی پێ كردووە و لە 4ی 9ی 2023وە بەرنامەكانمان داناوە و زۆربەی زۆری كۆلێژەكان كەوتوونەتە ناو دەوامی خۆیان.”

ئاماژەی بەوەش دا: “لە هەموو بەشی كۆلێژەكان بەرێژەیەكی باش دەوامی قوتابییان دەستی پێ كردووە و وانەكان دەخوێندرێن.”

جەختیشی كردەوە، سەردانی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆش كراوە، بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکان چارەسەر بكرێن، گوتیشی: “دەرگای سەرجەم بەشە ناوخۆییەکان كراونەتەوە و مامەڵەی وەرگرتنی قوتابییانیش لە بەشە ناوخۆییەکان درێژەی هەیە.”

کامەران یونس گوتیشی: “لە ماوەی ڕابردوودا و لە دوو مانگی پشووی هاویندا، سەرجەم تیمە کارگێڕییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین لە دەوامی فەرمیی خۆیان بەردەوام بوون و هەوڵ و تێکۆشانیان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێواز خۆیان بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێی خوێندن ئامادە بکەن.”

دڵخوازەكانتان