گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان: هاتنی گەشتیاران بەردەوامە و زۆرترینیان سەردانی هەولێر دەکەن
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەرزی گەشتیارییە و گەشتیارێکی “زۆر” دەچنە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان؛ رەتیشیدەکاتەوە تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ کاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان هەبووبێت.
ئەمڕۆ 15ـی ئابی 2022، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی رابردوو، زیاتر لە 3 ملیۆن و 800 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە”.
ساڵی رابردوو نزیکەی پێنج ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو؛ بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامانجیانە هاتنی گەشتیاران 50% بەرزبکەنەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار رەتیدەکاتەوە، تۆپبارانەکە بووبێتەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران.
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی: “سێ رۆژ دوای رووداوەکەی زاخۆ چەندین گەشتیار روویان لە دەوروبەری گوندی پەرەخ کرد؛ لە زاخۆ یەک ناوچەی گەشتیاری نییە، ئەو رووداوە نەبووە هۆکاری ئەوەی گەشتیار کەمببێتەوە”.
بەگوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەهۆی ئەوەی ئێستا وەرزیی گەشتیاریی هاوینەیە، رۆژانە دەیان گرووپ لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ گوتیشی: “کارکردنی ئێمە بۆ ئەوەیە گەشتیار بۆ هەموو شار و پارێزگاکان رابکێشین، بەڵام بێگومان زۆرترین گەشتیار روو لە پارێزگای هەولێر دەکەن و بەشێکیشی پەیوەندیی بەوەوە هەیە پایتەختی هەرێمی کوردستانی لێیە”.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژانی داهاتوودا سەرۆکی دەستەکەیان سەردانی بەغدا دەکات و گوتی: “ئامانجی سەردانەکە پێدانی دڵنیایی زیاترە بە کۆمپانیاکانی گەشتیاری و گەشتیارانی عێراقی بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و دڵنیا دەکرێنەوە لە پاراستنی گیانیان و پێشکێشكردنی خزمەتگوزاریی پێیان”.