نێچیرڤان بارزانی: ده‌بێت به‌زوترینكات كێشه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم چاره‌سه‌ربكرێت

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی پێكه‌وه‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و له‌باره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیشه‌وه‌ ده‌ڵێت، “وه‌كو به‌شێك له‌ هاوڵاتییانی عێراق كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی فیدراڵ كێشه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌ زوترینكات چاره‌سه‌ربكات”.
 
نێچیرڤان بارزانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌لێكسانده‌ر شالنبێرگ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌مسا له‌ هه‌ولێر له‌لێدوانێكدا بۆ رۆژژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، هه‌مومان هه‌وڵمان داوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی خۆمان به‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌سه‌ر هێڵه‌، به‌نده‌ خۆم به‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵم”.

نابێت بابه‌تی موچه‌ تێكه‌ڵی هیچ بابه‌تێك بكرێت

وتیشی، “نابێت بابه‌تی موچه‌ تێكه‌ڵی هیچ بابه‌تێك بكرێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر پابه‌ندییه‌ك له‌سه‌ری بوه‌، له‌م ماوه‌ی پێش یاسای بودجه‌، هه‌موی جێبه‌جێكردوه‌ و به‌و په‌ڕی شه‌فافییه‌تیشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌ڵسوكه‌وتی كردوه‌؛ ئێمه‌ پێشبینیده‌كه‌ین به‌غداش به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵسوكه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكات”.

بابه‌تی موچه‌ بابه‌تێك نییه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت، “بابه‌تی موچه‌ بابه‌تێك نییه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت، مافی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌، وه‌كو به‌شێك له‌ هاوڵاتییانی عێراق كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی فیدراڵ كێشه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌ زوترینكات چاره‌سه‌ربكات، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر هێڵین، به‌منزیكانه‌ شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابوری سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن، هیوادارین ئه‌م كێشه‌یه‌ و كێشه‌كانی دیكه‌ش به‌ لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ربكرێن”.

هه‌ر كاتێك پێویست بكات، سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ین

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌ر كاتێك پێویست بكات، سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ین، بابه‌تی چونی ئێمه‌ بۆ به‌غدا، زۆر ئاساییه‌، ئێمه‌ له‌م وڵاته‌دا ده‌ژین، ئێمه‌ له‌ سنوری جۆگرافییه‌ك ده‌ژین، كه‌ جۆگرافی عێراقه‌ و ئێمه‌ به‌شێكین لێی. سه‌ردانی ئێمه‌ ده‌بێت زۆر به‌ ئاسایی وه‌ربگیرێت”.

حكومه‌تی هه‌رێم به‌و په‌ڕی شه‌فافییه‌ته‌وه‌، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا كردوه‌

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، “حكومه‌تی هه‌رێم به‌و په‌ڕی شه‌فافییه‌ته‌وه‌، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا كردوه‌ و داتاكانیش كه‌ تایبه‌تن به‌ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، داتای دروستن و هیچ داتایه‌كیش نییه‌ به‌ هه‌ڵه‌ ره‌وانه‌ی به‌غدا كرابێت، ئێمه‌ هیوادارین دیسانه‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ تێكه‌ڵی بابه‌تی سیاسی نه‌كرێت”.

بابه‌تی موچه‌ مافی هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراق باسی ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی رونیكرده‌وه‌، “بابه‌تی موچه‌ مافی هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراق باسی ده‌كات، چاوه‌ڕانی ئه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌ین كه‌ پێویسته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ زوترین كات چاره‌سه‌رببێت”

له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ر كێشه‌ی موچه‌ نییه‌، كێشه‌ی مادده‌ی 140ـمان هه‌یه‌

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، “له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ر كێشه‌ی موچه‌ نییه‌، كێشه‌ی مادده‌ی 140ـمان هه‌یه‌، كه‌ به‌ لای ئێمه‌وه‌ زۆر گرنگه‌، بابه‌تی رێككه‌وتنی شنگال هه‌یه‌، كه‌ به‌ لامانه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ و ده‌بێت چاره‌سه‌ربكرێت، له‌ هه‌موی گرنگتر و ده‌بێت به‌ ڕاستی چاره‌سه‌ربكرێت، ئه‌وه‌یه‌ ئایا سیسته‌می عێراق، فیدراڵییه‌ یان ناوه‌ندییه‌؟ ئه‌و مامه‌ڵه‌ی ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، مامه‌ڵه‌یه‌كی فیدڕاڵی نییه‌ و ئێمه‌ هیوادارین به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ به‌غدا، بگه‌ینه‌ تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش له‌سه‌ر سیسته‌می فیدراڵی له‌ عێراق”.

نامانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بێت بۆ هیچكام له‌ دراوسێیه‌كانمان

له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی وتی، “رێكه‌وتنێكی ئه‌منی له‌نێوان به‌غدا و تاران واژۆكراوه‌، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌كو به‌شێك له‌ عێراق، پابه‌ندی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ین و نامانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بێت بۆ هیچكام له‌ دراوسێیه‌كانمان، نه‌ بۆ ئێران و  توركیا یان هیچ لایه‌نێكی دیكه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌ندێك هه‌نگاوی گرنگ نراوه‌، ئێمه‌ هیوادارین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ببنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی هیچ كێشه‌یه‌كی ئه‌منی و سه‌ربازی دروست نه‌بێت، خۆم بڕواناكه‌م هیچ بیانویه‌ك بۆ ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی هه‌بێت”.

دڵخوازەكانتان