ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی مووچە دەدرێت

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە؛ بە گوتەی گوتەبێژی حکومەت، بڕیار لە چۆنێتیی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز دەدرێت، ئەویش دوای گەیشتنی 500 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

تاوەکو ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2023، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە. ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە کۆدەبێتەوە. پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیار لەسەر چۆنێتیی دابەشکردنی مووچە دەدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ی ئەیلوولی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، “لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە دواپێشهاتەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و بارودۆخی مووچە لە هەرێمی کوردستان و بەرئەنجامی دواکۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ شاندی هاوتایان لە بەغدا دەخرێتەڕوو”.

بەپێی راگەیێندراوەکە “لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا کۆنووسی هاوبەشی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی گشتیی گەشتوگوزار و وەزارەتی دارایی و ئابووری، تایبەت بە پێشنیارەکانیان بۆ پێداچوونەوە بە خشتەی وەرگرتنی باجی فرۆشتن لەسەر خزمەتگوزاریی پرۆژە و بنکە گەشتیارییەکان دەخرێتە روو”.

3ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاریدا 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بۆ مووچە و بە قەرز بنێردرێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی رانەگەیاندووە.

4ـی ئەم مانگە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان گوتی، پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا مانگانە زیاتر لە تریلیۆنێک و 300 ملیار دینارە و گوتیشی، “بەگوێرەی ئەو ژمارەیەی لە بودجە بۆ مووچەخۆرانی ئێمە دیاریکراوە، هەموو مانگێک تەنیا بۆ مووچە 940 ملیارمان بۆ دانراوە، بەڵام بەگوێرەی خەرجیی فیعلی بێت، مانگانە 598 ملیار دینار زیاترمان بەرناکەوێت [لە بودجەی عێراق].”

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەکرد، داهاتی نەوتیی هەرێمی کوردستان نەماوە و داهاتی نانەوتی نزیکەی 320 ملیار دینارە بۆ پێداویستییەکان و لەگەڵ 500  ملیارەکەش بەشی مووچە ناکات.

هەمان رۆژ پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، رۆژی چوارشەممە 5ـی ئەیلوول ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات لە چۆنێتی دابەشکردنی مووچە بەگوێرەی پارەی بەردەستی؛ گوتیشی، “لەو پارەیەی دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، مووچە لە پێشینە دەبێت. لە مووچەی ئەو کەسانەوە دەستپێدەکرێت کە مووچەکەیان کەمە و پێویستە بە خێرایی مووچەیان پێ بدرێت”.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکەنەوە کە حکومەتی عێراق وەکو پارێزگا مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و ئەوانیش ئەوە رەتدەکەنەوە.

دڵخوازەكانتان