مەسرور بارزانی: خەڵکی کوردستان ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەک نابێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانەش نابێت، کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری و زەبرو زۆر و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ دوشەممە مەسرور، بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار تۆم کیمج کرد، سەرۆکی شاندی پەرلەمانتارانی کەنەدی، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی گرووپی پەرلەمانتارانی دۆستی کورد لە پەرلەمانی کەنەدا خستەڕو کە لە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی زۆرینەی پارتەکانی کەنەدا پێکهاتوە و ئامانجیان پشتیوانیکردنی دۆزی کورد و پەرەپێدانی پەیوەندیی کەنەدا و هەرێمی کوردستانە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، سەرۆکی حکومەت سوپاسی کەنەدای کرد بۆ هاریکاری و پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و لەمبارەیەوە ڕونیکردەوە، “هەرێمی کوردستان هەمو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوردا جێبەجێ کردوە، بەڵام جێی داخ و نیگەرانییەکی زۆرە، کە بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا و بە پێچەوانەی دەستور، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکرێن و ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوانی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و ئەجێندای حکومەتیش ناگیرێت کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا”.

سەرۆکی حکومەت ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، “خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانەش نابێت، کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری و زەبرو زۆر و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان”.

دڵخوازەكانتان