پەرلەمانتارێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: بەغدا موچە دەنێرێت
پەرلەمانتارێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت بەغدا موچە دەنێرێت، بەڵام بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی هات و نەهاتی موچە پێی وایە متمانەی زیاتر پێویستە.
لە ئێستادا هەرێم چاوەڕوانی بەغدایە تا پارەی بۆ بنێرێت و دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران بکات.
دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند، بەغدا موچە دەنێرێت بەتایبەت کە دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم زۆر دواکەوتووە.
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە ئەگەر بەغدا ئەم مانگەش موچەی فەرمانبەران بنێرێت ئەوا مانگی داهاتوو هەمان بارودۆخ دووبارە دەبێتەوە، “بۆیە دەبێت متمانەی زیاتر دروست ببێت و هەرێم و بەغدا لەسەر داهاتی نانەوتی هەرێم رێککەوتن بکەن”.
مانگی رابردوو بەغدا 598 ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد، بەڵام هەرێم 314 ملیار کورتهێنانی هەبوو و لە داهاتی ناوخۆ پڕی کردەوە.
لە ئێستادا وەفدێکی هەرێم لە بەغدان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر موچەی فەرمانبەران و پشکی هەرێم لە بودجەی هەرێم.