بە بڕیاری مەسرور بارزانی زەوی بۆ نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێلەیی لە مەخموور تەرخان کرا

بە مەبەستی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێلەیی بۆ هاووڵاتییانی مەخموور و دەوروبەری، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندیی لەسەر تەرخانكردنی 15 دۆنم زەوی لە قەزای مەخموور پێشان دا.

بە گوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كراوە، ئاماژە بەوە كراوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندیی پێشان دا لەسەر تەرخانكردنی 15 دۆنم زەوی لە كەرتی 7 لە مەخموور بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێلەیی لە قەزاكە. هەروەها بەپێی فەرمانەكە، داواش كراوە زەوییەكە بە گوێرەی ڕێكارە یاسایی و كارگێڕییەكان كاری پێویستی بۆ بکرێت.

پێشتر خەڵكی سنووری قەزای مەخموور ئەو كێشەیەیان گەیاندە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش داواكاریی هاووڵاتییانی سنوورەكەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز كردەوە، سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە ماوەیەكی كەمدا فەرمانی كرد بە تەرخانكردنی زەوییەکە بە مەبەستی دروستكردنی نەخۆشخانەیەك بۆ هاووڵاتییانی قەزای مەخموور و دەوروبەری.

دڵخوازەكانتان