وەزارەتی کشتوکاڵ: هیچ جۆرە ناکۆکییەک لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق نییە

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا رەتی دەكاتەوە كەهیچ جۆرە ناکۆکییەک لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەبێت.

لە روونكردنەوەكەی وەزارەتەكەدا هاتووە “بابەتێک بڵاوکراوەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دۆسیەی ئاو و گرتنەوەی ئاو لەگەڵ عێراق، بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین بەمەبەستی بەردەوامیدان بە پەیوەندیەکانمان ڕۆژی یەکشەممە 2023/8/27 ،کۆبوونەوەی تایبەت هەبووە لە نێوان لێژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی بەرێوەبردنی مەلەفی ئاو ، لەژێر ڕۆشنایی ئەو تێگەیشتن و هەماهەنگیانەی لە نێوان هەردوولادا هەیە.”

وەزارەتەكە ئاماژەی بە ئەوە داوە كە هیچ جۆرە ناکۆکییەک لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو نیە و ئەو بابەتانەی کە بڵاوبونەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا هیچ بنەمایەکی دروستیان نییە، هیچ کۆبوونەوەیەک هەڵنەوەشاوەتەوە لەسەر بنەمای ناکۆکی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق،بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر باشدان ،لەپێناو پارێزگاری لە ئاسایشی ئاوی عێراق و هەرێم و بەیەکەوە کاردەکەین بە ئامانجی رووبەرووبونەوەی ئاستەنگ و گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی کەمبونەوەی ئاو بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ و هاووڵاتیان بەگشتی.


لە بەشی كۆتایی روونكردنەوەكەدا هاتوو “لە کۆتایدا رایدەگەیەنین کە مەلەفی ئاو بەپێی دەستور ڕێکخراوە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ ، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو وەزارەت پەیوەندییە هاوبەشەکانیان رێکخستووە و لە سەر بنەمای پێکەوە کارکردن بەردەوام دەبین.”

دڵخوازەكانتان