بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران: هەوڵدەدرێت ئەمساڵ دەروازەی سیدەکان بکرێتەوە

بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران دەڵێت، هەموو هەوڵێک دەدەن ئەمساڵ دەروازەی کێلەشین لە سنووری سیدەکان بکرێتەوە، چونکە سوودی بۆ هەردوولا دەبێت.

شاندێکی ئێران کە پێکهاتبوون لە جێگری وەزیری نێوخۆی وڵاتەکە و پارێزگاری ورمێ، رۆژی یەکشەممە (20-08-2023) لە دیوانی وەزارەتی نێوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری نێوخۆ و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوە.

رۆژی دووشەممە 21-08-2023 عەبدوڵلا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “دوو بابەتی گرنگ باسیان لێوەکرا؛ ئەوانیش هاتنی زیارەتکاران و کردنەوەی دەروازەی کێلەشین لە سنووری سیدەکان بوو.”

هەوڵدەدرێت ئەمساڵ دەروازەی کێلەشین لە سیدەکان بکرێتەوە

لەبارەی کردنەوەی دەروازەکە، عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتی، “کردنەوەی دەروازەی کێلەشین بۆ ئێمە و ئێرانییەکانیش لە دوو بوارەوە گرنگە. یەکەم؛ لە رووی ئابوورییەوە بۆ خەڵکی سیدەکان و شاری شنۆ گرنگە، چونکە لەگەڵ کردنەوەی دەروازەکە، خەڵکەکە دەکەونە کارکردن و دۆخیان باشتر دەبێت. دووەم؛ دۆخی ئەمنی ئەو ناوچەیە باشتر دەبێت، چونکە چۆڵە و گرووپی چەکداری زۆری لێیە.”

بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران لەبارەی دوایین بڕیار لەسەر کردنەوەی دەروازەکەوە گوتی، “وەزارەتی ناوخۆی ئێران رەزامەندیی لەسەر کردنەوەی دەروازەکە داوە. ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە کۆمپانیای تایبەت بە دروستکردنی رێگەوبان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بکەن و، لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران گفتوگۆ بکەن و دەست بە کارکردن بکەن.”

بە گوتەی عەبدوڵڵا ئاکرەیی، “ئەگەر رێگەوبانەکان تەواوبن، ئەوە هەوڵەکان بۆ ئەوەیە ئەمساڵ دەروازەکە بکرێتەوە. حکومەتی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رەزامەندن لەسەر کردنەوەی ئەو دەروازەیە.”

شاندی ئێرانییەکان سوپاسی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ پێشوازیکردنیان لە زیارەتکاران

لەبارەی هاتنی زیارەتکارانەوە، عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتی، “شاندی ئێران هەموو ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستانیان بینی بۆ پێشوازیکردن لە هاتنی زیارەتکاران و پێیان سەیر بوو، گوتیان ‘ئەوەی ئێوە کردووتانە، ئێمە لەنێو ئێران نەمانکردووە و ئەوە جێگای شانازییە’، بەڵام هاتنی زیارەتکاران تاوەکو ئێستا زۆر نییە و نزیکەی 100 بۆ 150 کەسێک هاتوون.”

عەبدوڵڵا ئاکرەیی دەڵێت، “بە قسەی بەرپرسانی ئێران، دەبێت ئەمساڵ نیو ملیۆن زیارەتکار لە دەروازەکانمانەوە بێن، بەڵام ئێمە زوو دەستمان بە ئامادەکاری کرد. زۆربەی کات زیارەتکاران لە 25ـی مانگەوە دەست بە هاتن دەکەن. پێشبینی دەکەین لە 24ـی ئەم مانگەوە هاتنی زیارەتکاران بەشێوەیەکی زۆر دەستپێبکات و قەرەباڵخی دروست دەبێت.”

رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ـی مانگی سەفەر (مانگی سەفەر بەپێی رۆژژمێری هیجری لەدوای مانگی موحەڕەم دێت) لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت؛ سەدان هەزار لە باوەڕدارانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن. 

ئیمام حوسێن، کچەزای محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) لە شاری کەربەلا، لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی مەعاوییە، خەلیفەی ئەمەوییەکان کوژرا.

دڵخوازەكانتان