گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان: گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزی هاوسەرگیری و خانووبەرە دەکرێت
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە قەرزی هاوسەرگیری و خانووبەرە راگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە و تێیدا ئاشکرایکرد، گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکان دەکرێت.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەبارەی دانەوەی قەرزی هاوسەرگیری و خانووبەرە، گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکان دەکرێت، بەجۆرێک رەچاوی دۆخی دارایی هاوڵاتییان بکرێت.
گوتیشی: حکومەتی هەرێم مەبەستییەتی کە فشار و بارگرانی لەسەر هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان دروستنەبێت و میکانیزمی پێشوو لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
هەر سەبارەت بەو بابەتە، ئەمڕۆ سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی راگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە راگرتنی وەرگرتنەوەی پێشینەکانی هاوسەرگیریی و خانووبەرە لە هاووڵاتییان.
لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆک بارزانی لەگەڵ چین و توێژەکانی پارێزگای دهۆک کۆبووەوە و راگرتنی وەرگرتنەوەی پێشینەکانی هاوسەرگیری و خانووبەرە یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵکی ئەو پارێزگایە بوو.