سەرۆك بارزانی دوای ئەوەی زانیی مام جەلال تووشی جەڵتە بووە، چی كردووە؟

سەرۆك بارزانی ئەو چركەساتە دەگێڕێتەوە كە تێیدا جەلال تاڵەبانی، سكرتێری كۆچكردووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، تووشی جەڵتەی دەماغ دەبێت.

لە بەرگی شەشەمی زنجیرە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) كە تایبەت كراوە بە گێڕانەوەی ڕووداوەكانی نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ تاوەكوو ٢٠١٦، سەرۆك بارزانی بابەتێكی لە لاپەڕە ٢٧٠ تاوەكوو ٢٧٥ تەرخان كردووە بە نەخۆشكەوتنی مام جەلال و تێیدا دەردەكەوێت كە كۆی ڕووداوەكانی ئەو ماوەیەی مام جەلال تووشی جەڵتەی دەماغ بوو، سەرقاڵ بووە بەو كێشە و گرفتانەی كە نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی ئەوسای عێراق دروستی كردووە.

سەرۆك بارزانی نووسیویەتی: ”ڕۆژی ١٥ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٢، فازڵ میرانی لە بەغدا گەڕایەوە كوردستان، بەر لە گەیشتنی، مام جەلال بە تەلەفۆن پەیوەندیی پێوە كردم و ڕایگەیاند، بە فازڵدا پەیامێكی بۆ ناردووم و چاوەڕێی وەڵامەكەی دەكات. پەیامی مام جەلال بریتی بوو لەوەی كە (لەگەڵ مالیكی هیچ سوودی نییە، پێویستە هەوڵ بدرێت متمانە لە مالیكی وەربگیرێتەوە). منیش وەڵامم دایەوە، ئەگەر ئەمە بكرێت باشە.“

باسیشی لەوە كردووە: ”شەوی ١٧ لەسەر ١٨ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٢، مالیكی سەردانی مام جەلالی كرد، دوای ڕۆییشتنی مالیكی، مام جەلال تووشی جەڵتەی مێشك بوو. بەداخەوە بارودۆخ و باری تەندروستیی جێی مەترسی بوو. سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٨ی كانوونی یەكەم، نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن پەیوەندیی پێوە كردم و ڕایگەیاند كە بارودۆخی تەندروستیی مام جەلال بە تەواوی تێكچووە و جێگەی مەترسییە. منیش پێم ڕاگەیاند كە پەیوەندی بە هەموو لایەنەكانەوە بكات و هەرچیی پێویست بێت جێبەجێی بكەن. بە نێچیرڤان بارزانیم ڕاگەیاند كە پرسیار لە پزیشك و دكتۆرەكان بكرێت، ئەگەر باری تەندروستییەكەی هاوكار بێت، بەپەلە بگوازرێتەوە بۆ ئەڵمانیا و بەپەلە ژمارەیەك پزیشك و دكتۆری ئەڵمانی بێننە بەغدا بۆ ئەوەی بزانن ڕاوبۆچوونیان چییە و چی دەڵێن؟ ڕۆژی ١٩ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٢، پزیشكانی ئەڵمانی گەیشتنە بەغدا. لە ئەڵمانیا دڵشاد بارزانی هەوڵێكی زۆری دا بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ناردنی دكتۆرەكان بۆ بەغدا. ئەوەی ڕاستی بێت نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاسانكاری و تەرتیباتی هاتنی پزیشكە ئەڵمانییەكان زۆر ماندوو بوو. نێچیرڤانم ڕاسپارد بۆ ئەوەی بە شەو و ڕۆژ بەدواداچوون و چاودێریی كارەكانی پەیوەست بە چارەسەركردنی مام جەلال بكات.“

سەرۆك بارزانی نووسیویەتی: ”دوای پشكنین و چارەسەری پێویست لە بەغدا، پزیشكەكان بڕیاریان دا بۆ ئەوەی مام جەلال بۆ وەرگرتنی چارەسەر بگوازرێتەوە ئەڵمانیا. ئەوە بوو ڕۆژی ٢٠ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٢، مام جەلال گواسترایەوە بۆ بەرلین. دوای پشكنینەكان، دكتۆرەكان هیوایەكی زۆریان بە مانەوەی نەمابوو و هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەریان پێ نەداین و گەشبینیش نەبوون. مومكین نییە وەك پێشووی لێ بێتەوە. یان لەهۆش دەچێت، یان توانای قسەكردنی نامێنێت.“

هەروەك باسیش لەوە دەكات كە ڕۆژی ١١ی كانوونی دووەمی ٢٠١٣ سەردانی سلێمانیی كردووەتەوە و ”سەرەتا لەگەڵ هێرۆ خان و هەردوو كوڕەكەی، بافڵ و قوباد، كۆ بوومەوە. لە دیدارەكەدا پێم ڕاگەیاندن كە ئێمە ئامادەی هەر جۆرە هاوكاری و یارمەتییەكین كە پێویست بێت. دواتر لەگەڵ هەردوو مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا، ژوورێكی عەمەلیات پێك بهێندرێت بۆ بەدواداچوون و چاودێریكردنی هەموو گۆڕانكاری و پێشهاتەكان. خۆم قسەم لەگەڵ دڵشادی برام كرد لە ئەڵمانیا و ڕامسپارد بۆ ئەوەی هەرچیی پێویست بێت بۆ مام جەلال جێبەجێ بكات، وا بزانێت من لە ئەڵمانیام.“

دڵخوازەكانتان