لە (داربەڕوو) بپرسن !..

سالار عوسمان

زۆر جار دەبێ پرسیار بکەین، ئاخر پرسیار چییەتی و چۆنیەتیی بوون و بەها و چەمکەکان ڕوون دەکاتەوە، پرسیار بە وەڵاممان دەسپێرێت و وەڵامیش بە بەرهەمداری، بەرهەمدارییەکی کراوە بۆ گفتوگۆ.

ـ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دروست بوو؟.

ـ نوێنەرایەتی چی دەکات؟.

ـ بۆ تا ئێستایش، دوای 77 ساڵ هەر لە پێشەوەیە و لە پرۆسەی هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگی گەلەکەی حۆی دەهێنێت؟.

ئەم پرسیارانە دەرگا بە ڕووی وەڵام و گفتوگۆدا دەکاتەوە، تایبەت بۆ ئەوانەی قودرەتی گفتوگۆیان هەیە و ڕق بەری چاو و بەری هزر و بەری لێکدانەوەی نەگرتوون.

ـ پارتی بۆ قەزیەی کورد و بۆ کوردستان دروست بووە، بۆیە تا ئەبەد ئەمێنێت، چونکە تا ئەبەد کورد و کوردستان هەیە و ئەژی و ئەمێنێت.

ـ پارتی نوێنەرایەتیی گەل دەکات، گەلێک، کە تا ئێستا قەزیەکەی چارەسەر نەبووە، کەواتە پارتی، چارەسەرە.

ـ زۆرترین دەنگی گەلەکەی دەهێنێت، جونکە ڕاستە، چونکە لە کاتی شەڕدا پێشمەرگەیە و لە کاتی ئاشتیدا دەستی خێر و لە کاتی حوکمڕانیشدا سەرڕاست و یەکڕوو.

لە ڕێگەی ئەم سێ پرسیارە سادە و قووڵەدا تێدەگەین، کە پارتی سیحری مانەوەی هەیە، دیسان لەوە تێدەگەین، کە ڕێبوارانی ئەم ڕێبازە وەک مەعشوق عاشقی کوردستانن، دیسان لەو ڕاستییە تێدەگەین، کە دوێنێ (سەرۆک مستەفا بارزانی) و ئەمڕۆش (سەرۆک مەسعود بارزانی)، هێما و هەوێن و هەژیی ڕێبەرایەتیی ئەو گەل و دۆزەن، کە نە خەونەکانی بەتەواوی هاتونەتە دی و نە دۆزەکەیشی چارەسەر بووە، کەواتە کاروانەکە بەردەوامە!..

بۆ هەموو ئەوانەیش، کە خەونی لاوازبوونی پارتی لێیان بووە بە گرێی دەروونی، دەبێ لە (داربەڕوو) بپرسن: قووڵی، مانەوە، بەرهەمداری و سەربڵندی مانای چییە؟!.

دڵخوازەكانتان