گوتەبێژی پارتی: سوودانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەڵێنییان داوە چارەسەری کێشەی بودجە بکرێت

گوتەبێژی پارتی دەڵێت، دەبێ هەموو لایەنە کوردستانییەکان پێداچوونەوە بەسەر پەیوەندییەکانیاندا بکەن؛ دەشڵێت، پارتی و یەکێتی رکابەری یەکدین نەک دژبەر، ”بەڵام هیچ رێککەوتنێکی نوێمان لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ یەکێتی واژۆ نەکردووە.”

ئەمڕۆ چوارشەممە 16-08-2023، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە هەلومەرجی ئێستادا پێوستە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان پێداچوونەوە بەسەر پەیوەندییەکانیاندا بکەن و هەوڵ بدەن ئەم پەیوەندییانە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتماندا بن.

مەحموود محەممەد هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بەغدا بە هۆکاری “دۆخی خراپی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەزانێت” و گوتی، “لەسەر بودجە پێشێلی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێمە کرد و کۆمەڵێک کێشەش هەن کە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە، لە بەغداوە بۆ ئێمە و حکومەت دروست دەکرێن کە دۆخەکە بەو شێوەیەی لێهاتووە.”

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، حیزبەکەی لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان پەیوەندییەکی باشی هەیە و پێیوایە، “پێویستە لایەنەکان لەسەر هەندێک بنەمای وەکو بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمانی، مافەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو بابەتانەی کە لە دەستووردا جێگیر کراون هاوڕا بن و رێگە نەدەن ئەم بابەتانە هۆکاری دورستبوونی رکابەریی نێوانیان بێت.”  

پارتی و یەکێتی چەندین جار لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسیی هەردوو حیزب سەبارەت بە ناکۆکییەکانیان کۆبوونەتەوە، مەحموود محەممەد لەوبارەوە ئاماژەیدا، “لە کۆبوونەوەکاندا قسەی باش کراوە و لە هەندێک دۆخیشدا گەیشتووینەتە ئەوەی بڕیاری باشیش بدرێت، بەڵام بە شێوەی کۆنکرێتی هێشتا رێککەوتن و بڕیارێک لە نێوان ئێمە و یەکێتیدا واژۆ نەکراوە.”

دڵخوازەكانتان