سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان خەڵات دەکات
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمێکدا، قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 خەڵات دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمێکدا، رێزلێنان دەبەخشێتە قوتابییە یەکەمەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023.
رێوڕەسمەکە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ بە ئامادەبوونی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خانەوادەی قوتابییە یەکەمەکان بەڕێوەدەچێت.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی شەممە 3ـی حوزەیرانی 2023، تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە هەرسێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی دەستیانپێکرد و تا رۆژی پێنجشەممە 27ـی حوزەیرانی 2023 بەردەوام بوون. 117 هەزار و 364 قوتابی بەشداریان لە تاقیکردنەوەکاندا کرد؛ 75 هەزار و 239 قوتابی بەشی زانستی، 39 هەزار و 113 قوتابی بەشی وێژەیی و سێ هەزار و 12 قوتابی بەشی پیشەیی.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 3ـی تەمموزی 2023، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە گشت بەشەکانییەوە راگەیاند و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی کورتەنامەوە، مژدەی سەرکەوتنی دایە قوتابییە یەکەمەکانی تاقیکردنەوەی وزاریی ئەمساڵی خوێندنی (2022-2023).