پارتی : هیوادارین لە داهاتوودا دەستمان کراوە بێت بۆ خزمەتكردنی خەڵكی سلێمانی
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی 16ی ئاب ، حەفتاوحەوتەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزباییمان ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی ، سەرکردایەتیی پارتیمان ، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان ، پێشمەرگە قارەمانەکان ، سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتیمان و گەلی كوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی دەکەین.
دامەزراندنی پارتی، لە سەردەمانی تاریکی پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و كۆتایی هاتنی جەنگی وێرانكەری دووەمی جیهانی ، تروسکەیەکی گەشی هەستانەوە بوو كە لە ناخی تاک بە تاکی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستاندا داگیرسێنرا ؛ كە دواتر بووە مەشخەڵێكی گەورەی شۆڕش و خەباتی نەبڕاوە …
پارتی بووە بزوێنەری،خوڵقاندنی ورە و بڕوابەخۆبوون لە ساتەوەختی بێئومێدی و لە ماوەیەکی کەمیشدا بووە بازنەی کۆکەرەوەی توانا ڕەسەن و پاکەکانی ناو ناخی کوردان
قۆناغ بە قۆناغ لە گەڵ گەشەکردنی ڤیانی کوردستانیان ، شیانی پارتی بۆ بەرگری لە مافی ڕەوای خەڵكی کوردستان بڵندتر و بانگی حەقخوازی و بەگژداچوونەوەی ستەم و داگیركاری بەرزتر بوو..
قۆناغە سەخت و تاریکەکانی بە پاڵپشتی و هاوکاریی ڕۆڵەکانی شۆڕش لە شار و شاخ گەیاندە مەنزڵگەی ئارام و ڕاپەڕینی کردە دیاریی خوێنی گەشی شەهیدان و فرمێسکی چاوی چاوەڕوانی دایکانی شەهید و خۆبەڕێوەبردنی خۆماڵیانە بووە سیمایەکی گەشی سەردەمی ئازادی و ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی کوردستانیان لە قۆناغی حوکمڕانیی کوردیدا ، تا ئێستاش وێڕای ئاستەنگەکان پشت ئەستوورە بە متمانەی خەڵکی دڵسۆزو خەمخۆری كوردستان و هێشتاش لە پلەی یەكەمدایە بۆ حوكمڕانیەكی باش و بەرگریكردن لە ژیان و چارەنووس و ماف و ئازادییە بەدەستهاتوو و بەدەست نەهاتووەكانی خەڵكی كوردستان ..
جەماوەری خۆشەویستی شاری سلێمانی، ئەندام و لایەنگر و دۆستانی پارتی،
ئەمساڵ یادی شازدەی ئاب لە کاتێکدا دەکەینەوە،کە کوردستان لە بارودۆخێکی هەستیاردایە بە هۆی کۆتاییهاتنی سەردەمی لۆزان و دەسپێکی سەردەمێک کە هێشتا دەرهاوێشتەکانی ڕوون نیە.
هەڵبژاردنی کوردستان پاش ماوەیەکی زۆر لە دواکەوتن و ململانێ و ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرکییەکان بۆتە دیفاکتۆیەک بۆ قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی لە کوردستاندا و پێگەی کورد لە جیهاندا لە گرەوی ئەنجامدانێتی . ئەزمونی کاری پێشوی پارتیمان سەلماندویەتی هەتا ژمارەی کورسییەکانی پارتی زیاتر بێت، دڵنیایی خەڵك زیاتر دەبێت و پێگەی کوردیش بەهێزتر دەبێت. بۆیە لەم یادە پڕ شکۆیەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە پارتی بۆ بەرگریكردن و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان دروست بووەو هەر لە پێناوی ئەو ئامانجە پیرۆزانەشدا ماوەتەوەو بەردەوام دەبێت لە خەبات و هیچ هێزێك نایچەمێنێت …
جارێکی تر ئەم یادە پڕ شکۆیە لە پارتییەکان و خەڵکی سەربەرزی سلێمانی پیرۆز دەکەین ، هیوادارین لە داهاتوودا و بە هیممەتی جەماوەری پارتی و خەڵكی سەربەرزی ئەم شارە ؛ دەستمان کراوە بێت بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ئەم شارە شكۆمەندەو دەوروبەری ، و ئەو خزمەتە ی پێشكەش بكەین كە شایستەیەتی و بەداخەوە تائێستا پێشكەشی نەكراوە …
نەمری بۆشەهیدان ، سەربەرزی هەمیشەیی بۆ كەس و كاری شەهیدان و تێكۆشەرانی دێرین و پێشمەرگەقارەمانەكان …
بژی كورد ، بژی كوردستان ، بەردوام بێت تەمەن و خەباتی پارتیمان …
لقی چوار – پارتی دیموکراتی کوردستان