مەسرور بارزانی: دەمانەوێت جیاکاری لەنێوان گەڕەکی هەژار و دەوڵەمەند نەمێنێت
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانەی سەردانیکردنی کۆڵان و گەڕەکەکانی دهۆک، گوتی: دەمانەوێت لە دهۆک جیاکاری لەنێوان گەڕەکی هەژار و دەوڵەمەند نەمێنێت و هەموو وەک یەک خزمەتگوزارییان پێبگات.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد و لە نزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانی خەڵکی گەڕەکانی نێو شاری دهۆک گرت.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یەکێک لەو ماڵەنەی ئەمڕۆ سەردانی کردن، رایگەیاند: ئامانجی ئەم سەردانە بۆ ئەوەبوو، بزانین چ جێگەیەک خزمەتگوزاری پێنەگەیشتووە، تا هەموو شوێنەکان خزمەتگوزارییەکانی وەک (ئاو، کارەبا، تەندروستی و قوتابخانە)ـیان پێ بگات.
مەسرور بارزانی داوای لە پارێزگاری دهۆکیش کرد، زیاتر گرنگی بەو گەڕەکانە بدەن کە بەپێی پێویست خزمەتگوزارییان بۆ دابین نەکراوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆکیش کرد، هاوکاری فەرمانگەکانی حکومەت بکەن لەکاتی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و نەهێشتنی سەرپێچی و کاری نایاسایی.
مەسرور بارزانی داواشیکرد، ئەگەر خانوویەک زیادەڕۆیی تیا کرابێت و رێگر بێت لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، زیادەڕۆییەکە لاببرێت و خاوەنەکەی قەرەبوو بکرێتەوە، دواتر بەردەوامی بە کارەکان بدرێت.
لەبەرانبەردا، هاووڵاتیانی دهۆک سوپاسی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ گرنگیدانی بە شارەکەیان و گوێگرتن لە داواکارییەکانیان.
جگە لە سەردانیکردنی دهۆک و بەسەرکردنەوەی خەڵکی ئەو شارە، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ پڕۆژەی گەشتیاری کۆرنیشی دەلال لە زاخۆ دەکاتەوە کە یەکێکە لە پڕۆژە گەورە و گرنگەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق و، بە گوژمەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەک چاو و بەبێ جیاوازی بە گوێرەی پێویستی پڕۆژەی رێگاوبانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەنجامداوە، داتاکانیش دەرخەری ئەو راستییەن کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کابنیەنی خزمەت و ئاوەدانی بووە بۆ هەموو دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان.
لە پارێزگای هەولێر، لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا 160 پرۆژە بە گوژمەی 473 ملیار دینار تەواوکراون، 49 پرۆژەش بە گوژمەی زیاتر لە 615 ملیار دینار کاریان تێدا دەکرێت.
لە پارێزگای سلێمانی، 137 پرۆژە بە گوژمەی 202 ملیار دینار و دوو ملیۆن دینار تەواوکراون و 55 پرۆژەش بە گوژمەی نزیکەی 420 ملیار دینار کاریان تێدا دەکرێت.
لە پارێزگای دهۆکیش، 47 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 286 ملیار دینار تەواوکراون، کارکردنیش لە 29 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 405 ملیار دینار بەردەوامە.