10ـی ئەیلوول “كۆتا واده‌ی” گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی ناوخۆی عێراقە بۆ ناوچەکانیان

وەزارەتی کۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، 10ی مانگی داهاتوو كۆتا واده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی ناوخۆیه‌ و دوای ئه‌و رێككه‌وته‌ دۆسیه‌ی ئاوارەكان لە سەرجەم پارێزگاکان داده‌خرێت و ئەو خێزانانەی ناگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان، “بە گه‌ڕاوه‌” هەژمار دەکرێن.

ئەمڕۆ شەممە 12ـی ئابی 2023، وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، 10ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ كۆتا واده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی ناوخۆیه‌ بۆ ناوچه‌كانیان و دوای ئه‌و واده‌یه‌ چیتر به‌ ئاواره‌ هه‌ژمار ناكرێن.

موه‌فه‌ق كازم، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی كۆچ له‌ پارێزگای بابل رایگەیاند، زیاتر لە پێنج هەزار خێزانی ئاواره‌ لە قەزای ته‌له‌عفه‌ر، قەزای جورف نەسر، پارێزگای ئەنبار و بابل هەن‌ و ماوەی دوو مانگیان بە خێزانە ئاوارەكان داوه‌ و 10 مانگی ئەیلوولی داهاتوو كۆتا واده‌ی گەڕانەوەیانه‌ بۆ ناوچە ئازادکراوەکانیان. گوتیشی، ئه‌وانه‌ی نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌، چیتر وه‌كو ئاواره‌ هه‌ژمار ناكرێن.

زیاتر له‌ 400 هه‌زار ئاواره‌ی ناوخۆی عێراق به‌ بڕیاری گرووپه‌ چه‌كداره‌كان رێگه‌یان پێنادرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كانیان به‌ تایبه‌تی ناوچه‌ی جه‌رف سه‌خر له‌ باكووری بابل، كه‌ گرووپی چه‌كدار و میلیشیاكانی وه‌ك كه‌تائیب حزبولڵا، نوجه‌با، عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق و جوند ئیمام له ‌ساڵی 2014ه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌دا گرتووه‌.

گرنگترین ئه‌و ناوچانه‌ش كه‌ له‌لایه‌ن گرووپ و میلیشیاكانه‌وه‌ رێگری له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان، عه‌وجه‌، یه‌سریب، عه‌زیز به‌له‌د، گوندی دوز و گوندی مه‌كحوله‌ له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین، هه‌روه‌ها عویسات و زراع دیجله‌ و به‌شێك له‌ناوچه‌ی سه‌رسار و كۆمه‌ڵگه‌ی فۆسفات له‌ پارێزگای ئه‌نبار و میقددییه‌ و حوسی گه‌وره‌ له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای دیاله‌ پێكهاتوون.

هاله‌ عه‌زاوی، چالاكوانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ لەلایەن خۆیەوە ئاماژەی بەوە دا، ئەو خێزانانەی هێشتا ئاوارەن و ناتوانن بگەڕێنەوە، ناوچەکانیان له‌ژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیاكاندان، یان بەهۆی ئەوەی ناوچەکانیان هێشتا وێران بووە و شیاوی ژیان نییە، کەواتە چۆن دەتوانرێت به‌بێ چاره‌سه‌ری پێویست دۆسییه‌كانیان دابخرێت؟ ده‌شڵێت، دۆسییه‌كه‌ مرۆییە و ناتوانرێت بەم شێوەیە کۆتایی پێبهێنرێت، ئەمەش ئازار و مه‌ینه‌تیی خێزانە ئاوارەکان زیاتر دەکات، بۆیه‌ حکومەت به‌رپرسیاره‌ و نه‌یتوانیوه‌ دۆسیه‌ی ئاواره‌كان چاره‌سه‌ر بكات، بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ زۆره‌ملێ ئه‌و پرسه‌ دابخرێت.

دڵخوازەكانتان